پەرلەمانتارێكی عێراق: كەمپی عەربەت داخرا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامێکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد کۆتا وەجبەی ئاوارەکانی کەمپی عەربەت کە ١٧٠ خێزان بوو گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و کەمپەکەش داخراوە.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: کەمپی ئاوارەکانی عەربەت بە تەواوی داخرا و سەرجەم خێزانەکان گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.
وتیشی: کەمپی ئاوارەکانی عەربەت داخرا و کۆتا وەجبەیان کە ١٧٠ خێزان بوو گەڕانەوە بۆ شاری سەڵاحەدین، ئەم کەمپە لە ساڵی ٢٠١٤ لە سەرەتای پەلامارەکانی داعش کرایەوە.
سۆران عومەر دەشڵێت: بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق ساڵی ئایندە کەمپی ئاوارەکان پێویستە هەموویان دابخرێن، لەبەرامبەردا هەر خێزانێک بڕی پێنج ملیۆن دیناری پێ دەدرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستادا تەنیا کەمپی ئاشتی لە عەربەت و کەمپی تازەدێ لە گەرمیان لەم سنوورە ماوە کە نزیکەی هەزار و ٦٠٠ خێزانی تێدایە.
