بۆ وەرزی دووەمی خوێندن مامۆستایان بەردەوام دەبن لەبایکۆت

ساڵی 2023 خوێندن لەبەشێك لەناوچەكانی هەرێم بەبایكۆت كۆتایی دێت

5 مانگ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

زیاتر لەسێ مانگ و بەدیاریکراوی ٩٧ رۆژ بەسەر وادەی دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تێپەڕدەبێت، بەڵام تائێستا لەپارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان دەرگای ناوەندەکانی خوێندن نەکراونەتەوەو مامۆستایان ئامادەنین بایکۆت بشکێنن، وەزیری پەروەردەش دەڵێت هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە خوێندنی ئەمساڵ لەسلێمانی و هەڵەبجە نەفەوتێت.

بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ بەیەکەم رۆژی دەسپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکرا، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردو تائێستاش چارەنووسی پڕۆسەکە نادیارە، ئەمە لەکاتێکدا کە لەسنووری پارێزگای هەولێرو دهۆک پڕۆسەی خوێندن ئاساییەو مامۆستایان و خوێندکاران لە١٣ی ئەیلولەوە دەوام دەکەن و تەنها ١٠ رۆژیان ماوە تاوەزرێکی خوێندن تەواوبکەن.

بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەجۆرێک، تائێستاش چارەنووسی موچەی مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم نادیارە، بەهۆی ئەم دواکەوتنەشەوە مامۆستایان نەچوونەوە هۆڵەکانی خوێندن و بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بەنیازن وەزری دووەمیش درێژە بەبایکۆت دەدەن، بەو هۆیەشەوە لەسنووری سلێمانیدا خوێندن لەهەزارو ٣٩٠ ناوەندی خوێندندا پەکیکەوتووە بەم شێوەیە دابەشبوون: ١٠٦ باخچەو هەزار قوتابخانەی بنەڕەتی و ٢١ دواناوەندی و ٢١٧ ئامادەیی و ٢٣ ناوەندی فێرکردنی خێراو ١٦ ناوەندی پیشەیی و دوو کۆمەڵگەو پێنج ناوەندی نەهێشتنی نەخوێندەواری.

رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەقوتابخانەی «نالی بنەڕەتی تێکەڵاو» لەهەولێر بەبۆنەی رۆی ئاڵاوە وتەیەكی پێشكەشكردو وتی: هەموو هەوڵێکی ئێمە ئەوەیە کە خوێندنی ئەمساڵی ئەو ناوچانە نەفەوتێت، ئەوەی پێویست بێت لەسەر شانی ئێمە وەک وەزارەتی پەروەردە لەڕووی تەکنیکییەوە ئامادەین بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی سلێمانی  و هەڵەبجەو راپەڕین و گەرمیان بین.

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم وتیشی: ئومێدەوارین مامۆستایان بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن و دەستبکەنەوە بەپڕۆسەکە، چونکە کاتێکی زۆر رۆیشتووە، دەستپێنەکردنی دەوام کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی خوێندنی ئەو ناوچانە هەبووە کەدەوامیان تێدا نەکراوە، بەڵام ساڵی خوێندن دواناخرێت.

مامۆستایانی ناڕازیی هێشتا سورن لەسەر هەڵوێستەكەیان

 محەمەد کەمال، مامۆستا لەنوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ لەسلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: وەرزی دووەمیش بایکۆتکردن بەردەوام دەبێت، دەرگای ناوەندەکانی خوێندنیش ئەو کاتە دەکرێتەوە کەهەر چوار داواکاری مامۆستایان جێبەجێبکرێت.

وتیشی: ئێمەی وانەبێژانیش شایستەی دارایی مانگی ئەیلولمان وەرگرتووە ئەویش پاش موچەی مامۆستایان دابەشکرا.

سەبارەت بەخۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ، محەمەد کەمال وتی: ئێمەی وانەبێژان خۆپیشاندانمان نییەو  تاسەرەتای وەرزی دووەم تەنها بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن دەکەین.

بەهۆی داخستنی ناوەندەکانی خوێندنەوە، ٣٧٩ هەزارو ٨٠٧ قوتابی لەناوەندەکانی سنووری پەروەردەی سلێمانیدا لەخوێندن دابڕاون کە بەم شێوەیە دابەشبوون: ١٦ هەزارو ٤٠٦ قوتابی باخچە، ٢٨٤ هەزارو ١٥٤ قوتابی بنەڕەتی، چوار هەزارو ٨٦٦ قوتابی دواناوەندی، ٦٨ هەزارو ٨٦٧ قوتابی ئامادەیی، ٩٥١ قوتابی فێرکردنی خێرا، سێ هەزارو ٦٣١ قوتابی پیشەیی، ٥٤٥ قوتابی کۆمەڵگەکان و ٣٨٧ قوتابی نەهێشتنی نەخوێندەواری.

پێشتر عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: حكومەت هیچ هەنگاوێكی نەناوە و ئامادەش نییە لەگەڵ مامۆستایان کۆببێتەوە بەو هۆیەشەوە بایكۆت لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین بەردەوامە.

وتیشی:  ئەوەی جێگەی مەترسییە پۆلی ١٢یە چونكە لەبەشێك لەشوێنەكان ئەوانیش دەوام ناكەن كەئەوەش كێشەیەكی گەورەیەو دواتر تاقیكردنەوەی وزاری قەرەبوو ناكرێتەوە، پرۆسەكە لەتونێلێكی تاریكدایەو ئەوسەری دیار نییە.

«حكومەت ئەگەر ناشتوانێت چارەسەری مووچەی مامۆستایان بكات دەبێت رازی بێت مووچەی مامۆستایان بچێتە سەر بەغداو حكومەتی عێراقیش ئامادەیی تێدایە بۆیە دەبێت ئەم كێشەیە چارەسەربكرێت و دواتریش رێگەچارەیەك دابنرێت بۆ قەرەبووكردنەوەی خوێندن تا ئەو زیانەی بەر خوێندن كەوتووە ئەگەر هەمووشی قەرەبوو نەكرێتەوە بەشێكی قەرەبوو بكرێتەوە.» عەتا ئەحمەد وای وت.

ئانا عەبدوڵا، خوێندکارێکی پۆلی ١٠ی ئامادەییە لەشاری سلێمانی و لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: زۆرم پێناخۆشە ئەمساڵ دەرگای قوتابخانەکان داخراون و تەنها پۆلی ١٢ دەوام دەکەن و پۆلەکانی دیکە دەوامیان نییە، لەپۆلی نۆ هەندێک بابەتمان دەخوێند مامۆستا پێی دەوتین لەپۆلی ١٠ باشتر دەیخوێنن، بەڵام هاتینە پۆلی ١٠و دەرگای قوتابخانە داخرا، قوتابخانەش بکرێتەوە بابەتەکان بەخێرایی دەخوێنین و سودێکی ئەوتۆی نابێت بۆمان.

ئەو خوێندكارە وتیشی: کاتەکانم بەکتێب خوێندنەوە بەسەردەبەم، جاروباریش کتێبەکانی قوتابخانە دەخوێنمەوەو تەماشای بابەتەکان دەکەم بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەکتێبەکانی قوتابخانە ساردبوومەتەوە.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار