ئاسایشی هەولێر: لە ماوەی مانگێکدا 15 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لە ماوەی مانگێکدا 15 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردوە، هەروەها لە کاتی دەستگیرکردنیان دەست بەسەر ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گیراوە.
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچون توانیان لەماوەی یەک مانگدا 15 کەس دەستگیر بکەن بەتۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان.
دەشڵێت، لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، دەستیان بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەردا گرتووە لە جۆری کریستاڵ، هیرۆین، تلیاک، حەشیش و حەبی ترامادۆڵ. ئەوە جگە لە چەند پارچە چەکێکی بێ مۆڵەت و کەلوپەلی پێوانەکردن و کێشانی مادەی هۆشبەر.
لە ڕوداوێکی هاوشێوەدا لە رۆژی 19ی ئەم مانگەش دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگهیاند، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، دوای روبەڕوبونەوە دو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە برینداری دەستگیركرد.

