وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیارە لەئاییندەیەكی نزیكدا وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە و گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدڕاڵی عێراق دەستپێبكاتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت كاری جدی دەكرێت بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجەو جیاكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمو موچەی فەرمانبەران لەخەرجی كرداری تاوەكو مانگانە بەپێی یاسای بودجە پشكی هەرێم لە بەغداوە رەوانە بكرێت.
میدیای نزیك لەسەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە: گفتوگۆی وەفدی هەرێم لەبارەی سێ تەوەر دەبن، یەكەمیان هەڵگرتنی كۆتوبەندەكانی بەردەم بودجەی هەرێمی كوردستان لەیاسای بودجەی گشتی سێ ساڵەی عێراق كە ئەویش پێویستی بەهەمواركردنەوەی یاسای بودجە دەبێت، هەروەها دووەمیان گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای نەوتو غاز دەكرێت. سێیەمیش تایبەتە بەگفتوگۆكردن لەبارەی پرسی تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی كوردستان كە یەكێكە لەئاستەنگەكانی بەردەم دوبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
لەوبارەیەشەوە ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە: كاری جدی دەكەین بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجەو جیاكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمو موچەی فەرمانبەران لەخەرجی كرداری تاوەكو مانگانە بەپێی یاسای بودجە پشكی هەرێم لە بەغداوە ڕەوانە بكرێت."
ڤیان سەبری وتیشی: ھەمواركردنەوەی یاسای بودجە زۆر پێویستەو لەسەر ئەو پرسەش حكومەتی ھەرێم دانوستانی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووە، پێویستە موچەی موچەخۆرانی ھەرێم لەخەرجی سیادی جیابكرێتەوە تاوەكو مانگانە بەپێی یاسای بودجە پشكی هەرێم لەبەغداوە ڕەوانە بكرێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەشڵێت: پێشنیاركراوە لیژنەیەك بۆ هەمواركردنەوەی بودجەو جیاكردنەوەی موچە لەخەرجی سیادی پێكبهێندرێت بە بەشداری ژمارەیەك راوێژكاری حكومەتو پەرلەمانتار كە حكومەتی ھەرێمیش تێیدا بەشدار دەبێت.
سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا لەكاتێكدا ساڵی 2023 چەند ڕۆژێكی كەمی ماوە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها نۆ موچەی لەمساڵدا دابەشكردووەو چارەنوسی مانگەكانی 10 و 11 و 12 بەمادیاری ماوەتەوە.

