دادگای فیدڕاڵی لەسەر دوو سکاڵای موچەخۆرانی هەرێم کۆدەبێتەوە
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ یەکشەممە دانیشتنی تایبەت بە دو سکاڵای موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجامدەدات، هەردو سکاڵاکە لەلایەن کۆمەڵێک فەرمانبەرانی هەرێمەوە تۆمارکراوە و داوا دەکەن سەرۆکی حکومەتی هەرێم و عیراق پابەندبکرێن بە یاسای بودجە و موچە.
بە گوێرەی خشتەی کاروبارەکان، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای فیدڕاڵی دانیشتنی تایبەت لەبارەی دوو سکاڵا لەبارەی "پێدانی مووچە لە وادەی خۆی" و "دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە"ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
سکاڵاکە لەلایەن ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەران تۆمار کراوەو ئەمڕۆ دانیشتنی دووەمی بۆ دەکرێت یەکێکیان تایبەتە بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و لەلایەن ئەژی بەرزان عارف، محەممەد حوسێن کەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەممەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەممەد ساڵح، ئاوات ئازاد محەممەد، دڵشاد محەممەد ئەمین سەعید، سامان عەلی ساڵح و رێبوار باهر ئەحمەد تۆمار کراوە کە فەرمانبەر و مامۆستان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەو مامۆستایانە لە سکاڵاکەیاندا، داوایان کردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی دروستیی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ی ساڵی 2018ی هەموارکراوی فیدراڵی و داوا ئەکەن ئەو بڕیار و رێنوێنییانەی لە حکومەتی هەرێمەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون، هەڵبوەشێنەوە.
هەروەها سکاڵای دووەم، کە بڕیارە دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، تاوتوێی بکات، لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە تۆمارکراوە لەنێویاندا د. رەعد رەفعەت، سەرۆکی بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر، بەدەل بەرواری، ئاکۆ محەممەد مەحموود، عەلی ئەحمەد و عەلی بابان داوایانکردووە دادگاکە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕگەی دووی مادەی 12 و هەشتەمی مادەی 13ی یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و2025 پابەند بکات، شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت و مانگانە مووچەکانیان بێ دواکەوتن وەربگرن.
هەر ئەمشەویش ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکەدا گەشتنە بەغداد و دڵشاد میرانی نوێنەری دەستەی داكۆكیكار لە مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵاتی وت : هاتنمان بۆ دووەم دانیشتنی ئەو سكاڵایەیە كە پێشتر تۆمارمان كردووە.
وتیشی: دەمانەوێت لەسەر پلەبەرزكردنەوەو دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژو گەڕانەوەی موچەپاشەكەوتكراوەكان لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی كۆبینەوە تاوەكو دەرچەیەك بدۆزینەوە بۆ كێشەی مامۆستایان.
زیاتر لە سێ مانگە مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەهۆكاری پێنەدانی موچەكانیان لە كاتی خۆیدا و ڕاگرتنی پلە بەرزكردنەوەیان، بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندیان كردووە تا ئێستاش دیار نیە لە دووەم وەرزی خوێندن دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی خوێندكاراندا دەكەنەوە یاخودنا.

