حکومەتی هەرێم بۆ بەغداد: هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ دانیشتن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە دەستپێکی ساڵی نوێدا شاندی حکومەتی هەرێم دەگاتە بەغداد، بەڵام سەردانی ئەمجارەیان جیاوازە و ئامانجیانە دەر ئەنجامی هەموو ئەو کۆبوونەوانە بچننەوە کە لە ساڵی 2023 زۆرترین هەوڵیان بۆ داوە.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێمە لە سەرەتای ساڵی تازە لە 6ی مانگ تا 10 کۆبوونەوەمان دەبێت و شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی.
وتیشی "پشوودرێژی ئێمە لە ساڵی 2023 لە پێناو گەشتن بوو بە ڕێگە چارەسەر، بەڵام ئیتر هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ کۆبونەوە و دانیشتن ئەگەر بێت و نەزانین دەرئەنجامەکەی چارەسەرە".
بەوتەی هەورامانی "پێویستە ئەمساڵ کێشەکانی نێوانمان چارەسەر ببن و ڕێکەوتنەکان ڕێزیان لێبگیرێت، ئەگەر بێتو هەمان نیەت بەدی نەکەین لە حکومەتی فیدڕاڵ حکومەتی هەرێم بەدوای چارەسەری دیکەدا دەگەڕێت".
باسی لەوەشکردووە، " ساڵی 2024 وەک ساڵی دەر ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە سەیر دەکەین، وە ئەو هەموو کاتەی بە کۆبوونەوە کوشتمان بە نیەتی دۆزینەوەی ڕێگە چارە، پێم وانیە ئەمساڵ ئەوەندە کات بدرێت بە کۆبوونەوەکان، چونکە ئەوەی پێویست بوو کردمان."

