هاوڵاتی ئاماری 48 كاتژمێری بۆردوومانەكان لەڕۆژئاڤای كوردستان بڵاودەكاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەماوەی 48 كاتژمێردا توركیا 44 ناوەندی خزمەتگوزاری و بازرگانی و ئەمنیی لەڕۆژئاڤای كوردستان بەئامانج گرتووە.
بەپێی ئامارێك كە میدیاكانی ڕۆژئاڤای كوردستان بڵاویانكردووەتەوە: دەوڵەتی توركیا لەماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوودا لەڕێگەی درۆنەوە، 44 پێگەی خزمەتگوزاری و ژیانیی و دامودەزگای بازرگانی و ئەمنیی لەهەرێمی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردوومانكردووە، بەهۆیەوە هەشت هاوڵاتی شەهیدبوون و دەیان هاوڵاتی دیكەش بەتایبەت لەشارەكانی قامیشلۆ و كۆبانی برینداربوون، هاوكات بووەتە هۆی زیانێكی ماددی زۆر لەو شوێنانە.
هێرشەكان سەرەتا لەشاری كۆبانی لەڕۆژی 25 ی ئەم مانگەوە دەستیان پێكرد، دواتر هەندێك هێرشی دیكەی لەقامیشلۆ بەدواداهات، هەر لەڕۆژی یەكەمی بۆردوومانەكەدا فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیا 22 پێگەی لەو دوو شارە كردە ئامانج، لەڕۆژی دووەمیشدا 22 پێگەی دیكە لەو شارانە كرانە ئامانج كە 10 پێگەیان ئەمنیی بوون.

