سەرۆكی یەكێتی كەمئەندامان: نزیكەی 80 هەزار كەمئەندام لەژێر هێڵی هەژارییەوەن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ، یەكێتی كەمئەندامان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا نیگەرانیی و سەختیی ژیانی خاوەن پێداویستی تایبەتی خستەڕوو و هۆشدارییان دا، كە لە ساڵی ٢٠٢٤ بارودۆخی ژیانیان خراپتر دەبێت، لە كاتێكدا بەرپرسان هەزاران دۆلار لە گەشتی سەری ساڵدا خەرج دەكەن.
ئەمڕۆ، لە بەردەم ڕێكخراوی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لە شاری سلێمانی، خاوەن پێداویستیی تایبەتەكان گردبوونەوەیەكیان لەبارەی بارودۆخ و سەختی ژیانیان ڕێكخست و پاشان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.
لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا كە پەیامنێری هاوڵاتی ئامادەیبوو، سامان حسێن، سەرۆكی یەكێتی كەم ئەندامانی كوردستان وتی: ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێكی ڕەش و پڕ ناخۆشیی و خەفەت بوو بۆمان، بۆ ساڵی نوێش هیچ هیوایەكمان نییە، لەوە دەترسین لەم ساڵ خراپتر بێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە كاتێكدا كەمئەندامان دینارێك لە گیرفانیاندا نییە و قەترەیەك نەوت لە ماڵەكانیاندا نییە لەم زستانەدا خۆیانی پێ گەرم بكەنەوە، كەچی بەرپرسان تكتی فڕۆكە بۆ گەشتی سەری ساڵ دەبڕن و هەزاران دۆلار خەرج دەكەن.
سەرۆكی یەكێتی كەم ئەندامانی كوردستان وتیشی: نزیكەی ٨٠ هەزار كەمئەندام لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن، ئەوەی ئێمە تێیداین ژیان نییە، كاتێك لە دەرگای لایەنە پەیوەندییدارەكان دەدەین، سەدان دەرگامان بەڕوودا دادەخەن، فەرزە لەسەریان كە خزمەتی كەم ئەندامان بكەن، ژیانی كەم ئەندامان زۆر خراپترە لە ساڵانی نەوەدەكان.

