میدیای یەکێتی: ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەکەوێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیای یەکێتی راگەیاندوە، کۆمیسیۆنەکەیان ناتوانێت لە کاتی خۆیدا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات، بەو ھۆکارەش ھەڵبژاردنەکە بۆ کاتێکی تر دوادەخرێت.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ جارێكیتر دانیشتنەكەی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانەوە دواخست بۆ رۆژی 21ی كانونی دووەمی 2024 ئەو كاتیش بڕیار نادات چونكە تا ئێستا كۆتایی نەهێناوە بە دادبینی، واتا ئەگەر لە دانیشتنی رۆژی 21ی كانونی دووەمی 2024 دادبینی كۆتایی پێبهێنێت لە كۆبوونەوەی دواتریدا بڕیار دەدات.
کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە ئەستۆ گرتووە، سەرچاوەیەکی باڵایان بۆ میدیای یەکێتی ئاشکرای کردوە، بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، ھێندەی تر ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی قورس تر کرد و بە دووریشی دەزانێت بەو ماوە کەمەی لە بەردەمیاندا ماوە، ئامادەکارییەکان تەواو بکات بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە لە کاتی خۆیدا، بەو ھۆکارەش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەکەوێت.
یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەرێگەی (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنی حزبەكەی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان (ئێستا بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتییە لە سلێمانی) سكاڵای لەسەر (5) ماددەی یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماركردوە.
لە سکاڵایەدا، سکاڵاکار داوای کرد دادگای فیدڕاڵی ماددەکانی ١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
هاوکات بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی لەدانیشتنەكەی دادگای فیدراڵیدا پارێزگای هەڵەبجە وەك بازنەی چوارەم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكراوەو دادگاش داوای لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كردوە تا 21ی مانگی داهاتوو بەنوسراوێك ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجەو چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا دیاری بكات.
سەرچاوەیەكیش لەكۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە هاوڵاتی وت: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەبارەی دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان زیاتر لە 20 رۆژە بەنوسراوی فەرمی وەڵامی دادگای فیدراڵی داوەتەوە.
سەرچاوەكە وتیشی كۆمسیۆن لەنزیكترین كاتدا داتای تۆماری دەنگدەرانی هەڵەبجە رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكات.

