فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان تاوانی جەنگن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ - باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە تاوانی جەنگ ناساند و ڕایگەیاند تورکیا ژێرخانی ئابوری تەواوی ناوچەکەی کردۆتە ئامانج و دەڵێت ئەم بەئامانجکردنە هەوڵێکی ڕوونە بۆ بڵاوکردنەوەی پشێوی لە سەرانسەری ناوچەکانماندا.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەچوارچێوەی پەرەسەندن و هێرشە یەک لە دوایەکەکانی تورکیادا تەنها لە ڕۆژی سێشەممەدا 26ی کانونی یەکەم، 4 خاڵی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە دەروازە سەرەکییەکانی شاری قامیشلۆ، 6 خاڵی پشکنین لە دەروازەکانی ڕێگاوبانەکانی شاری قامیشلۆ کراونەتە ئامانج هاوکات هێرشکراوەتە سەرکۆبانی و لادێکانی.
هاوکات لەگەڵ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی تورکیادا ئەوەشڕونکراوەتەوە کە ئەم بەئامانجکردنە هەوڵێکی ڕوونە بۆ بڵاوکردنەوەی پشێوی لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ - باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا:
لە 23ی کانونی یەکەمدا داگیرکاری تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشەکانی بۆ سەر هەموو ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکرد، ژێرخانی، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، نەخۆشخانەکان، دامەزراوە تەندروستییەکان، کارگە و تاقیگەکانی کردە ئامانج، کە ژمارەیەک شەهید و برینداری مەدەنیی لێکەوتەوە. ئەم هێرشە بەربەرییانە بەپێی یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکان دەگەنە تاوانی جەنگ.
لەچوارچێوەی پەرەسەندن و هێرشە یەک لە دوایەکەکانی، داگیرکاری تورکیا، ڕۆژی سێشەممە 26ی کانونی یەکەم، 4 خاڵی پشکنینی هێزەکانمان لە دەروازە سەرەکییەکانی شاری قامیشلۆ، 6 خاڵی پشکنین لە دەروازەکانی ڕێگاوبانەکانی شاری قامیشلۆ، کردە ئامانج ولەکۆبانی و لادێکانی، و بازگەیەکی هێزەکانمان زیاتر لە ٢ جار کرایە ئامانج و لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی کە بەرەو شارۆچکەی عامودا دەڕوات هەم لە دەروازەی دەرچوون و هەم لە دەروازەی دەربازبوون بنکەی پشکنین کرانە ئامانج . ئەم هێرشانە بووە هۆی برینداربوونی سێ ئەندامی هێزەکانمان بە برینداری جۆراوجۆر و زیانێکی ماددی بەرچاو بە بازگەکان.
ئەم بەئامانجکردنە هەوڵێکی ڕوونە بۆ بڵاوکردنەوەی پشێوی لە سەرانسەری ناوچەکانماندا، چونکە هێزەکانمان بەرپرسیارن لە ئاسایش و پاراستنی ئەندامانی کۆمەڵگا و گەیشتن بە سەقامگیری و ڕێگریکردن لە هەموو جۆرە تاوانێک، هەروەها بەرپرسیارن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو بەکرێگیراوان کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئاژاوە و ململانێ دەدەن. ئەم بەئامانجگرتنی خاڵە پشکنینەکانی هێزەکانمان تەنها بۆ کردنەوەی ڕێگایە بۆ ئەوەی شانە خەوتووەکانی تیرۆریستان و گروپە تاوانکارەکان بە ئاسانی بجوڵێن و ئاژاوە بڵاوبکەنەوە لەم ڕۆژانەی جەژنی نوێڵ و سەری ساڵدا.
گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کە پابەند دەبین بەو بەڵێنەی کە پێمان دابوو گیانمان بەخت بکەین بۆ پاراستنیان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکانماندا، ئەم هێرشە بەربەرییانە ئیرادە و باوڕمان ناشکێنن و ئەرکی خۆمان زیاتر لە پێشوو پێکدێنین و هەرگیز بۆ پاراستنی گەلەکەمان دوودڵی ژیان ناکەین
__________ فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ - باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ٢٧-١٢-٢٠٢٣

