ناوچەكەیان كارەبای تێدا بەرهەم دەهێنرێـت، بۆ بێكارەبایی خۆپیشاندان دەكەن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دانیشتوانی گوندەكانی سنووری شارەدێی خەلەكانی سەر بە شارۆچكەی دوكان، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپی ڕێگاوبانەكانیان، گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
دانیشتوانی سنوورەكە دەڵێن بەهۆی نەبوونی كارەبای نیشتمانی و كەمی خزمەتگوزاری وەكو ڕێگاوبانەكان وای كردووە گردبوونەوە ئەنجام بدەن، چونكە لە ماوەی بیست چوار كاتژمێر، تەنیا چوار بۆ پێنج كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییانی ناوچەكە دەدرێت، ئەمەش گرفتێكی گەورەی دروست كردووە، لەبەر ئەوەی مۆلیدەی ئەهلیی لە گوندەكانی سنوورەكەیان نییە.
دانیشتوانی سنوورەكە ئاماژەیان بەوەشداوە دوای چەند كاتژمێرێك لە داخستنی شەقامەكە، بەڵام هیچ لایەنێكی ئیداری بەدەم داواكاری هاووڵاتییانەوە نەهاتوون، ئەمەش بێ باكی حكومەت و دەسەڵاتداران دەردەخات كە گوێ لە داواكاری خەڵكی ناگرن.
شارەدێی خەلەكان لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە شارۆچكەی دووكانە لەپارێزگای سلێمانی لەهەرێمی كوردستان، بەشێك لە كارەبای نیشتمانی لەو شارۆچكەیە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام خەڵكی سنوورەكە بەدەست نەبوونی كارەباوە دەناڵێنن.

