قایمقامی هەولێر: سیمكارت بە قاچاغ و ئۆنلاین دەفرۆشرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
بەوتەی قایمقامی هەولێر لە ساڵی 2023 هەزار و 98 شوێنیان داخستووە، هەروەها هەزار و 14 شوێنی زێدەڕەویان تێکداوە، بە گوێرەی ئامارەکە ئەمساڵ دەستگیراوە بەسەر 7349 سیمکارتی تۆمار نەکراودا،هاوکات دەستیانگرتووە بەسەر پێنج تۆن یاری ئاگریندا.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ئاماری کار و چالاکییەکانی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی لە ساڵی 2023 دا خستەڕوو.  
 
لە ئامارەکەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەولێردا هاتووە: ئەو شوێنانەی لە هەولێر و دەوروبەری بەهۆی پابەندنەبوون بە رێکارە تەندروستی و کارگێڕییەکانەوە داخراون بریتین لە؛ 755 هۆتێل، رێستۆرانت، مارکێت، خواردنگەکان و فرۆشگە جیاکانی دیکە، هەروەها 343 دەرمانخانە و کۆگەی دەرمان داخراون.
 
هەر بە گوێرەی ئامارەکە، تەنیا لە قایمقامییەتی هەولێر داهاتی پێبژاردنەکان 294 ملیۆن دینار بووە، بەوتەی قایمقامی هەولێر بەپێی دەسەڵاتێک کە وەزارەتی دارایی پێیداون، ئەوانەی سەرپێچی دەکەن یەک بۆ پێنج ملیۆن دینار سزا دەدرێن.
 
لە ساڵی 2023 رێکاری یاسایی و کارگێڕی دژی هەزار و 14 شوێن وەکو زیادەڕەو گیراوەتەبەر 
بە گوێرەی ئامارەکە، هەزار و 134 کەس وەکو سەرپێچیکار لە کۆی دۆسیەکان راگیراون، لەو ژمارەیە 941 کەسیان لە قایمقامیەت بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە و سەرپێچییەکەیان پێ چاککراوە و ئازاد کراون، هەروەها 139 کەسیان رەوانەی دادگا کراون و بە بڕیاری دادوەر زیندانی کراون.
 نەبەز عەبدولحەمید کە هاوکات سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەولێرە، لە کاتی خوێندنەوەی ئامارەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2023دا 214 تۆن کاڵا و شمەکی ماوەبەسەرچوو لەناوبراون، ئەوەی گۆشت بووبێت رەوانەی شێڵتەری سەگە بێلانەکان کراوە.
 
قایمقامی هەولێر ڕاشیگەیاند: بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023دا دەستیانگرتووە بەسەر حەوت هەزار و 349 سیمکارتی تۆمارنەکراودا کە بە "تۆز و با" ناسراوە و لە شەقامەکانی هەولێردا دەفرۆشران، وتیشی هەبوونی ئەو سیمکارتانە چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دروستکردبوو بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام تائێستا بە قاچاغ و بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێت.
 
لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوەکرابوو، کە لیژنەکانی قایمقامییەتی هەولێر هەموو کارێکیان کردووە بۆ قەدەغەکردنی یارییە ئاگرینەکان و ئەم ساڵ دەستیان گرتووە بەسەر پێنج تۆن یاری ئاگریندا.
 
هەروەها نەبەز عەبدولحەمید دەشڵێت: ئەمساڵ 63 کۆمپانیا کە پێشتر باجیان نەداوە ناچارکراون باج بدەن و داهاتێکی  باش یان بۆ حکومەت هەبووە.
 
هەرلەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکدا، قایمقامی هەولێر باسی لەو کەسانە کرد لە رێگەی لیژنەکانیانەوە دەستگیرکراون و وتی، 850 کەسیان دەستگیرکردووە کە "یاسایان شکاندووە و زیانیان بە هاووڵاتیان گەیاندووە"، ئەوە جگە لەو کەسانەی لە رێگەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە دەستگیرکراون.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار