شوێنەوارەکانی کفری، یان ڕووخاون یان لەسەر بودجەی شەخسی نۆژەن دەکرێنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
قەزای کفری کە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، خاوەنی چەندین شوێنەوار و ناوچەی دێرینە، لەوانەش سەرای کفری، گردەگۆزینە، سەرقەڵا؛ بەڵام بەشێکی زۆری شوێنەوارەکانی لەبەر نەبوونی بودجە بەرەولەناوچوون دەچن یاخود بوونەتە شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاک. لەباشترین دۆخیشدا ئەگەر نۆژەن بکرێنەوە لەسەر بودجەی شەخسی نۆژەن دەکرێنەوە.
سەرای کفری کە ساڵی ١٩١٩ لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دروستکراوە و تەمەنی زیاتر لە سەد ساڵە، یەکێکە لەو شوێنەوارانەی کفری کە نزیکەی دوو ساڵە دەست بە نۆژەنکردنەوەی کراوە و نزیکەی ٩٥٪ تەواو بووە. ئەمەش نەک بەهەوڵی حکومەت و حزب، بەڵکو بە هەوڵی تاکەکەسی بووە، کە تێچووەکەی بە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دەخەمڵێندرێت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی نۆژەنکردنەوەی گرتۆتە ئەستۆ.
عوبێد محەممەدعەلی، بەڕێوبەری شوێنەواری کفری بە هاوڵاتی وت، بەشێکی زۆری شوێنەوارەکان پێویستە کاریان تیدابکرێت و نۆژەن بکرێنەوە، بەوانەوەشەوە کە ساڵانی سەرەتای دوو هەزارەکان نۆژەنکراونەتەوە" وەک ئاسیاوەکان، خانووی جووەکان".
بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری وتیشی، گەرماوی کفری کە تاکە گەرماوە لە ژێر زەویدا دروستکرابێت و مێژووەکەی بۆ دوو سەد ساڵ لەمەوبەر دەگەرێتەوە، ئەگەر ئەمساڵ بەسەریدا بڕوات و نۆژەن نەکرێتەوە مەترسی ڕوخانی لەسەرە؛ ئەوەشی خستە ڕوو کە داوای بودجەیان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی.
پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان بەراورد بە لەناوچوون و شێواندنیان پڕۆسەیەکی هێواشە، بەجۆرێک رۆژانە وەک شوێنی فڕێدانی زبڵ خەڵکی روویان تێدەکەن، لەوانەش( ماڵی مەجید پاشای بابان).
پشتگوێخستنی شوێنەوارەکانی کفری، لەپاڵ ئەو کەمتەرخەمیانەی دیکە لەوانەش ، نەبوونی هەلیکار تەنها یەکێکە لەو کێشانەی کە گەنجانی کفری ناڕەزایی و گردبوونەوەیان بۆ چارەسەرکردنیان ئەنجامداوە و قوربانیان بۆ داوە. هیواڕەشید، گەنجێکی کفریە وجەندین جار وەک ڕێکخەر و بەشداربووی خۆپیشاندانەکان کاری کردووە بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕیەکانی شارەکەی، ئەو دەڵێت" ساڵی ٢٠٢٠ لەو خۆپیشاندانەی کە ڕێکمانخستبوو دوو هاوڕێم شەهیدبوون " ئاکۆ سەلمان" یەکێک بوو لە قوربانیەکان، ئێمە یەکێک لە داواکاریەکانمان نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان بوو، کە بەهۆیەوە سەرای کفری کە کارکردن تێیدا وەستابوو دەستیپیکردەوە".
لەوبارەیەشەوە عوبێد محەممەد دەڵێت، نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری کە یەکێکە لە پرۆژە دیارەکان کە کاری لەسەرکراوە، بەهۆی" کاریگەری خۆپیشانداکان نەبووە" کە بودجەی بۆ تەرخانکراوە، بەڵکو پڕۆژەکە هەوڵی تاکەکسی بووە.
دەربارەی ئەوەی کە ئایا تاچەند هەوڵدراوە نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنەوارانە ببێتە هۆی دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجانی کفری، عوبێد محەممەد باسی لەوەکرد، هەرچەندە ئەوە لەئاست پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە نەبووە بۆ دابینکردنی هەلیکار، بەڵام بۆ ئەوەی زۆرترین سود بە دانیشتوان کفری بگەێنین بەهیچ جۆرێک هیچ کریکاریکمان لە دەرەوەی شارەکە نەهێناوە بۆ کارکردن لەم پرۆژانە.
لەگەڵ ئەوەی شوێنەوارەکان پشتگوێخراون، مۆزەخانەکەشی کەمترین گرنگی پێدراوە، مۆزەخانەی کفری جگە لە چەند کەلوپەلیک کە بەهەوڵی کارمەندانی مۆزەخانەکە کۆکراونەتەوە شتیکی ئەوتۆی تێدانیە و بوونەتە دوو سیمیای دیکەی سستی شارەکە. ئەمەش لەکاتیکدایە کە کفری یەکێکە لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان کە قوربانیەکی زۆری لە شاڵاوی ئەنفال داوە، هاوکات خاوەنی کێڵگەی نەوتییە کە کاری تێدادەکرێت و نەوتی لێ دەردەکرێت ئەویش کێڵگەی نەوتی حەسیرەیە.

