وەزارەتی دارایی لەبارەی داهاتی ناوخۆ و موچەکانی ئەمساڵەوە رونکردنەوە دەدات
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتى دارایی و ئابورى لەسەر راپۆرتێک ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت بەدرێژایی ساڵی 2023 وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 10 موچەی تەواومان دابەش کردوە کە موچەیەکیان هی مانگی 12ی ساڵی 2022 بوە و ٩نۆ موچەشیان هی ساڵی 2023 بوە "ئەمەش بۆ ئەو کەسانەی کە دەڵێن حکومەت توانای دابەشکردنی موچەیەکی دیکەی هەبو بەڵام دابەشی نەکردوە".
وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، "شەوی سێ شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/١٢/٢٦ میدیاى فەرمى بزوتنەوەى گۆڕان لە میانی ڕاپۆرتێکدا چەندین داتاو زانیاری هەڵەی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شێوازی دابەشکردنی مووچە خستۆتە ڕوو."
دەشڵێت، "گرنگە هەموو لایەک زانیاری تەواویان لەسەر داهاتی ناوخۆ بەتایبەتی هەبێت" لەم بارەیەوە وەزارەتی دارایی ژمارەیەک داتای ڕەسمی بڵاوکردۆتەوە بەم شێوەیەی خوارەوە:
- لەساڵی 2023 حکومەتی عێراق تەنها چوارترلیۆن و 298 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردوە کە لەو ژمارەیە، سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری وەک قەرز بوە و 598 ملیار دیناریشی وەک شایستەی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیران هەژمار کراوە.
ئەوەشخراوەتەڕو، پشکی خەمڵێنراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوجەی ساڵی 2023 عێراق نزیکەی 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینار بوە، بەڵام بەپێوەری ئینفاقی فیعلی پشکی هەرێم لە کۆی ساڵەکە کە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی تەرخان کردوە نزیکەی شەش ترلیۆن و 300 ملیار دینارە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بەس بۆ موچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی 11 ملیار دینارە بەو پێیەش کورتهێنان بۆ موچە لە ساڵێکدا نزیکەی پێنج ترلیۆن دینارەو کە دەکاتە نزیکەی موچەی شەش مانگی فەرمانبەران وموچەخۆرانی هەرێم .
باس لەوەشکراوە، یەکێک لە کێشە گەورەکانی یاسای بودجەی 2023 عێراق بونی بڕگەی ئینفاقی فیعلی ( خەرجی کرداری) بو کە بەپێی ئەو بڕگەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 مانگانە لە دەوروبەری 500 ملیار دینار تێپەڕناکات، لە کاتێکدا موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە 913 ملیار دینارە بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی لە ڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کراون، ئەوە جگە لە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی 25 ملیار دینارە.
وەزارەتی دارایی رونیشیکردوەتەوە، بەهۆی ئەو کورتهێنانەی زۆرەی بۆ موچە دروست ببو ئەگەر لە 100٪ داهاتی ناوخۆش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچە تەرخان بکەین هێشتا بەتەواوی ناتوانرێت موچەی پێ دابەش بکەین بۆیە هەندێک مانگ ناچاربوین داهاتی ناوخۆی دو مانگ بۆ کورتهێنانی موچەی مانگێک تەرخان بکەین کە کورتهێنانەکە نزیکەی 340 ملیار دینار بو.
ئەوەشی ئاشکرا کردوە، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کورستان مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینارە و لەساڵێکدا نزیکەی چوار ترلیۆن دینارە بە پێی ڕاپۆرتەکانی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە کە بەشی زۆری ئەو داهاتە لە پێنج سەرچاوەی سەرەکیەوە بەدەست دێن لەوانە داهاتی ( گومرگ و باج و کارەباو هاتوچۆو بەڕێوبەرایەتیەکانی تۆماری خانوبەرە)،بەڵام بەشێکی ئەو داهاتە ئەمانەت و چەک و قەرزە و دوای لێدەرکردنی پشکی وەزارەتەکان کە بەپێی یاسا و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆیان تەرخان کراوە، ئەوەی وەک کاش دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی مانگانە نزیکەی 170 بۆ 200 ملیار دینارە.
اماژە بەوەشکراوە، زیاتر لە دو ترلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆ لە ساڵی 2023 بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئەو 10 موچەیە بەکارهێنراوە کە بەدرێژایی ساڵی 2023 دابەشکراوە، پاشماوەکەشی بۆ خەرجیەکانی بەکاربردن ( پێشینەو خەرجی مانگانەی دام و دەزگاکانی حکومەت ) دەڕوات و شتێکی ئەوتۆی بۆ خەرجی وەبەرهێنان نامێنێتەوە.
لە راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی ئەوەشخراوەتەڕو، خەرجی مانگانەنەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پێشینەی وەزارەت و دامودەزگاکان مانگانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی 170 ملیار دینارە و ئەوەش هەموی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت کەلە ساڵێکدا نزیکەی دو ترلیۆن دینارە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕونکردنەوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە.
شەوی سێ شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/١٢/٢٦ کەناڵی کەی ئێن ئێن لە میانی ڕاپۆرتێکدا چەندین داتاو زانیاری هەڵەی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شێوازی دابەشکردنی مووچە خستۆتە ڕوو کە سەرجەمیان خەیاڵی ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە بووەو بەئارەزوی خۆی هۆنیویەتیەوە، بەپێوستمان زانی هەندێک لە ڕاستیەکان باس بکەین تەنها بۆ بیرخستنەوەی ئەو جۆرە کەسانەی زەینیان کوێرەو مێژویان بیر ئەچێتەوە.
لامان سەیرە کە ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێکهاتەیەکی سەرەکی حکومەتی هەرێمن نەزانێت داهاتی ناوخۆ چۆن خەرج دەکرێت ، بۆ ئەوەی ڕاستیەکان وەکوو خۆی بگاتە ئەو ڕاگەیاندنکارە چەواشەکارە و هاوڵاتیان و مووچەخۆران ڕوون بێتەوە بەگرنگمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە بەپێی داتاو زانیاریە بەردەستەکانی لامانە بەبەڵگەو ژمارە.
چونکە پێمان وایە بەرپرسیاریەتی ئێمەیە کە ڕاستیەکان وەک خۆی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکرێت.
هەروەک گرنگە هەموو لایەک زانیاری تەواویان لەسەر داهاتی ناوخۆ بەتایبەتی هەبێت، هەرچەندە لەڕابردوشدا چەند جارێک لەبۆنەی جیاواز جیاوازدا باسمان کردووە.
١- بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣ وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ١٠ مووچەی تەواومان دابەش کردووە کە مووچەیەکیان هی مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٢ بووەو ٩ مووچەشیان هی ساڵی ٢٠٢٣ بووە، لەساڵی ٢٠٢٣ حکومەتی عێراق تەنها ٤ ترلیۆن و ٢٩٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە کەلەو ژمارەیە ٣ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دیناری وەک قەرز بووەو ٥٩٨ ملیار دیناریشی وەک شایستەی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیران هەژمار کراوە.
٢-پشکی خەمڵێنراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوجەی ساڵی ٢٠٢٣ عێراق نزیکەی ١٦ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینار بووە، بەڵام بەپێوەری ئینفاقی فیعلی پشکی هەرێم لە کۆی ساڵەکە کە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی تەرخان کردووە نزیکەی ( ٦ ترلیۆن و ٣٠٠ ) ملیار دینارە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بەس بۆ مووچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی ( ١١ ) ترلیۆن دینارە بەو پێیەش کورتهێنان بۆ
مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی ٥ ترلیۆن دینارەو کە دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران ومووچەخۆرانی هەرێم .
٣-یەکێکە لە کێشە گەورەکانی یاسای بودجەی ٢٠٢٣ عێراق بونی بڕگەی ئینفاقی فیعلی ( خەرجی کرداری) بوو کە بەپێی ئەو بڕگەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣ مانگانە لە دەوروبەری ٥٠٠ ملیار دینار تێپەڕناکات، لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە ٩١٣ ملیار دینارە بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی لە ڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کراون، ئەوە جگە لە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی ( ٢٥ ) ملیار دینارە، بەهۆی ئەو کورتهێنانەی زۆرەی بۆ
مووچە دروست بوو بوو ئەگەر لە ١٠٠٪ داهاتی ناوخۆش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکەین هێشتا بەتەواوی ناتوانرێت مووچەی پێ دابەش بکەین بۆیە هەندێک مانگ ناچاربوین داهاتی ناوخۆی دوو مانگ بۆ کورتهێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین کە کورتهێنانەکە نزیکەی ٣٤٠ ملیار دینار بوو.
٤-داهاتی ناوخۆی هەرێمی کورستان مانگانە نزیکەی ٣٢٠ ملیار دینارەو لەساڵێکدا نزیکەی ٤ ترلیۆن دینارە بە پێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە کە بەشی زۆری ئەو داهاتە لە پێنج سەرچاوەی سەرەکیەوە بەدەست دێن لەوانە داهاتی ( گومرگ و باج و کارەباو هاتوچۆو بەڕێوبەرایەتیەکانی تۆماری خانوبەرە)،بەڵام بەشێکی ئەو داهاتە ئەمانەت و چەک و قەرزەو دوای لێدەرکردنی پشکی وەزارەتەکان کە بەپێی یاساو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆیان تەرخان کراوە، ئەوەی وەک کاش دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی مانگانە نزیکەی ١٧٠ بۆ ٢٠٠ ملیار دینارە.
٥-زیاتر لە ٢ ترلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئەو ١٠ مووچەیە بەکارهێنراوە کە بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣ دابەشکراوە، پاشماوەکەشی بۆ خەرجیەکانی بەکاربردن ( پێشینەو خەرجی مانگانەی دام و دەزگاکانی حکومەت ) دەڕوات و شتێکی ئەوتۆی بۆ خەرجی وەبەرهێنان نامێنێتەوە.
٦-خەرجی مانگانەنەی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پێشینەی وەزارەت و دام و دەزگاکان مانگانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٧٠ ملیار دینارەو ئەوەش هەموی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت کەلە ساڵێکدا نزیکەی دوو ترلیۆن دینارە.
٧- شایەنی باسە ئەو کەسانەی بەئەنقەست ئەم زانیاریە نادروستانە بڵاو دەکەنەوە هیچ خزمەتێک بە دۆخی مووچەخۆران و ئابڵوقە ئابوریەکەی ناکەن ، ئەزمونی چەند ساڵی ڕابردوش سەلماندویەتی کەمزایەدەی سیاسی و دروشمی پۆپۆلیستی هیچی لێ بەرهەم نایەت، تێ ناگەین ئەو درۆو چەواشەکاریانەی لەسەر پرسی مووچەو داهاتی ناوخۆ بڵاو دەکرێتەوە ئاوێکەو ئەکرێتە چ ئاشێکەوە، ئەگەر ئەو مزایەدەو چەواشەکاریانە سودی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران نەبێت کێ سودی لێ دەبینێت جگە لە نەیاران و دوژمنانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆو لە عێراق،لەڕابردوش هیچ حزب و لایەنێک سودی لە درۆو چەواشەکاری و پۆپۆلیستی نەبینیوە تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان و میدیاکەی بیانەوێت سودی لێ ببینن.
٨-وەک وەزارەتی دارایی لە ڕوانگەی بڕوابونمان بە بنەماکانی شەفافیەت و چاودێری هەمیشە دەرگامان بۆ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم کراوە بووە و وردبینی لەسەرجەم ژمارەو داتاو زانیاریەکان کراوەو دواتر بەڕاپۆرت پەسەند کراوەو بەرزکراوەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
٩-ئەو نەزانانەی کە دەڵێن حکومەت توانای موچەیەکی تری هەبوو لەمساڵدا بەڵام دابەشی نەکرد، دەبێت بەبیریان بێنینەوە ئەو ٣٢٠ ملیار دینارەی داهاتی ناوخۆ هەمووی کاش نییە و بەشێک چەک و قەرزو ئامانەتە ، بەلامانەوە گرنگە ڕای گشتی و میدیاکانیش بزانن حکومەتی هەرێم تەنها دابەشکردنی مووچەی لە ئەستۆ نییە، بەڵکوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان و چەندین بەرپرسیارێتی تری دارایی لە ئەستۆیە کەمانگانە دەبێت پارەی بۆتەرخان بکات.
١٠-هەر ڕاگەیاندن و دامەزراوەیەکی میدیایی داتاو ئاماری نادروست لەسەر داهات و خەرجی دام و دەزگاکانی حکومەت بەمەبەستی شێواندنی ڕای گشتی و تێکدانی دەرونی مووچەخۆران و فەرمانبەران بڵاوبکاتەوە بەمافی خۆمانی دەزانین ڕوبەڕوی یاسای بکەینەوە بەمەبەستی سەلماندنی.
هاوپێچ خشتەی دابەشکردنی مووچەی ١٠ مانگ لە ساڵی ٢٠٢٣ و خشتەی مانگانەی خەرجی بەکاربردن
وەزارەتی دارایی و ئابوری. ٢٠٢٣/١٢/٢٩

