مامۆستایانی وانەبێژ: هیچ كەسێك نوێنەری گشتی ئێمە نیە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مامۆستایانی وانەبێژ رایانگەیاند هیچ بەرپرسێكی پەروەردەیی و حكومی نابێت وەك تاك لەگەڵ هیچ كەسێك دابنیشێت و بۆچوونی تاك بكاتە بۆچونی گشتی مامۆستایانی وانەبێژ، هیچ كەسێكيش وەك نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ تەماشا ناكەن.
مامۆستایانی وانەبێژی راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو ئاماژەیان بەوەداوە"لای هەمووان ڕوونە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لەكارو ژیانی تایبەتی خۆیان بوراون و خۆیان و كات و لایەنی ماددییان خۆبەخشانە تەرخانكردووە بۆ كاری وانەبێژان".
"وەك نوێنەرانی 15 شارو شارۆچكەی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنین كە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ هیچ كەسێك وەكو نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ تەماشا ناكەن و بەتەنیاش هیچ كەسێك ناتوانێ بەدەم كێشەی مامۆستایانی وانەبێژانەوە بچێت، بۆ هیچ كەسێك نیە ناوی وانەبێژان وەكو پاشناوی شەخسیی بۆخۆی بەكار بهێنێ" مامۆستایانی وانەبێژ وا دەڵێن.
نوێنەرانی وانەبێ لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەیاندا دەڵێن"هیچ بەرپرسێكی پەروەردەیی و حكومی نابێت وەك تاك لەگەڵ هیچ كەسێك دابنیشێت و بۆچوونی تاك بكاتە بۆچوونی گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ".

