سەركردایەتیەكی یەكێتی: دڵنیایمان داوە بەعەرەب و توركمان قۆرغی دەسەڵات ناكەین

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی رایگەیاند: وەك یەكێتی هێڵی سوورمان بۆ هیچ لایەنێك نییەو بەدڵنیاییەوە پارێزگاری كەركوك پشكی كورد دەبێت، دڵنیایشمان داوە بەعەرەب و توركمان كە قۆرغی دەسەڵات ناكەین.
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەمیدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند:" لەناوچە دابڕێندراوەكان سەركەوتنێكی باشمان بەدەستهێناوەو بەئەنجامەكانی هەڵبژاردن رازین، ئەمە سەركەوتنی هەموو كوردە نەك تەنها یەكێتی، بەڕێككەوتنیش لەگەڵ لایەنەكانی دیكە هەنگاوەكان بەو ئاڕاستەیە دەبن ئیدارەیەكی بنكە فراوان بێت كە هەموو پێكهاتەكان تێیدا بەشداربن".
"یەكێتی لەدوای سەری ساڵەوە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان و هەموو پێكهاتەكان دەست بە دانوستاند دەكات و لەكەركوكیش دەمانەوێت بەپێی قەبارەی خۆمان بەشداری پێكهێنانی ئیدارەی شارەكە بكەین". لەتیف نێروەیی وا دەڵێت.
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندی یەكێتی دەشڵێت:"وەك یەكێتی هێڵی سوورمان بۆ هیچ لایەنێك نییەو بەدڵنیاییەوە پارێزگاری كەركوك پشكی كورد دەبێت، دڵنیاییمان داوە بە عەرەب و توركمان كە قۆرغی دەسەڵات ناكەین".
وتیشی:"هەوڵ دەدەین رێككەوتنی سیاسی بكرێت، هەركەسیش بیەوێت ئیرادەی خۆی بسەپێنێت دواتر پەشیمان دەبێتەوە و پێشتریش ئەوە روونبووەتەوە".
شەوی پێنج شەمەی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەغدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقی ڕاگەیاند، كە 18 ی ئەم مانگە لە 15 پارێزگا بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەنجامەكانی كۆمسیۆن، كورد لە كەركوك حەوت كورسی بەدەستهێناوە، پێنج كورسی بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و دوو كورسیش بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، هاوكات لیستە عەرەبی و توركمانیەكان هەشت كورسییان هێناوە و مەسیحیەكانیش یەك كورسی.
هاوكات بەپێی ئەنجامی كۆتایی كۆمسیۆنی عێراق، لەپارێزگای نەینەوا، پارتی چوار كورسی بەدەستهێناوە و یەكێتیش دوو كورسی، لەپارێزگای دیالەش لەلایەن كوردیەكان تەنها یەكێتی توانیویەتی كورسییەك بەدەست بهێنێت.

