هاوڵاتی ئاماری هاتنی گەشتیاران لەساڵی 2023 دا بۆ هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە
لەبازگەكانی هەولێر و سلێمانی جیاوازی لەڕێكارەكانی پێشوازی لەگەشتیاران هەیە
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
بەپێی بەدواداچونێكی هاوڵاتی، لەساڵی 2023 دا ژمارەی گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەكی بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر لەهەشت ملیۆن كەس بووە، زۆرترینی لەهەولێر بووە، هاوكات لەبازگەكانی هەولێر و سلێمانی جیاوازی لەڕێكارەكانی پێشوازی لەگەشتیاران هەیە.
ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ژمارەیەكی زۆر گەشتیار سەردانی هەولێری پایتەخت دەكەن، لەگەڵ گەشتوگوزاری هەولێر لەگەڵ بازگەكان چۆنیەتی شێوازی پێشوازیكردنی گەشتیارانمان تاوتوێكرد.
وتیشی: لە 25 ی مانگەوە تیمەكانی گەشتوگوزاری هەولێر لەپێشوازی خەڵكدان بۆ پێشوازی لەگەشتیاران، پێشتر گەشتیارانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە دەهاتن هەموو جارێك لەنشینگەی بازگەكان پسوڵەیان بۆ دەكرا بەڵام ئەمساڵ هەر گەشتیارێك پسوڵەی بۆ سێ مانگ بۆ دەكرێت.
بەوتەی ئومێد خۆشناو لەساڵی 2023 دا سێ ملیۆن گەشتیار سەردانی هەولێریان كردووە، پلانیشیان هەیە وابكەن ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببن، بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان ڕۆژانە پێنج هەزار كەس دێنە ناو هەولێرەوە.
هاوكات هەر ئەمڕۆ ئارام شوانی وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بەهاوڵاتی وت:بەهۆی نەبونی بودجەوە بۆ سەری ساڵی نوێ هیچ چالاكی و مەراسیمێك ساز ناكرێت، وتیشی تەنها لەماوەی چەند رۆژی رابردودا زیاتر لە 35 هەزار گەشتیار هاتونەتە سلێمانی.
وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی دەشڵێت: لەبازگەكان و خاڵە سنوریەكان و فڕۆكەخانەی سلێمانی لیژنە پێشوازی لە گەشتیاران دەكات و لەشاڕێی سالم سەنتەری ڕێبەری گەشتیاری كراوەتەوە، هێڵی گەرمی فریاگوزاریش لەسەر چاپكراوەكان دانراوەو لیژنەی پشكنینی شوێنە گەشتیاریەكان هەیە كە ڕێگری دەكەن لەبەرزكردنەوەی نرخ.
"هاتنی گەشتیار ئەمساڵ بەراورد بەساڵی ڕابردوو زۆر زیادیكردووە و پێشبینی دەكەین بۆ جەژنی سەری ساڵ زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار بێنە سلێمانی كە زۆربەیان لەناوەڕاست و باشوری عێراقەوە دێن چونكە لەكاتی هاتنیان پێویست بە هیچ ڤیزا و پسوڵەیەك ناكات". ئارام شوانی وای وت.
سەبارەت بە ئاماری ساڵی 2023 ئارام شوانی وتی: ئەمساڵ تا كۆتایی مانگی 11 دوو ملیۆن و نیو گەشتیار ڕوویان لەپارێزگای سلێمانی كردووە و بەمانگی 12 شەوە نزیك دەبێتەوە لە سێ ملیۆن گەشتیار، ساڵی ڕابردووش واتە ساڵی 2022 دوو ملیۆن و 300 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانییان كردووە .
پێشتریش شەماڵ هروروی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دهۆك بە هاوڵاتی وت: لەبازگەكان بە گوڵ و شیرینی پێشوازی لەگەشتیاران دەكەین كە دێنە دهۆك جگە لەوەش هەموو ئاسانكارییەك لەبازگەكان و شوێنەكانی تر دەكەین تاوەكو هیچ كێشەیەك بۆ گەشتیاران دروست نەبێت.
"لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 400هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای دهۆك كردووە، لەبەرنامەمان دایە رێژەكە زیاد بكەین" شەماڵ هروروی وای وت.

