سودانی داوای لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی دوێنێی هەولێر دەکات
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕاگەیاند، محەمەد شیاع سودانی داوای لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی دوێنێ شەوی هەولێر بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگهیاند، شەوی رابردو بە دو درۆنی بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوە و تەنها زیانی ماددی لێکەوتەوە، "ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە".
لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر هەولێر ڕایگەیاند "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کاتژمێر 07:30 ی دوێنێ، شوێنێکیان کردووەتە ئامانج کە یەکەکانی پاسەوانی سنووریی هەرێمی لێ بووە."
فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "راستەوخۆ دوای رووداوەکە فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەیەکی ئەمنیی لەو رووداوە بکرێت، هەروەها دەزگا ئەمنییەکانی (عێراقی) راسپاردووە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە هێرشەکە بکۆڵنەوە."
جێگەی باسە سەبارەت بە هۆکاری ڕوداوەکە هەریەک لە دژەتیرۆری پارتی و حکومەتی هەرێم لێدوانی جیاواز دەدەن و وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی دژەتیرۆری پارتیدا هاتووە هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بە نارنجۆک ئەنجامدراوە ، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەیانی ئەمڕۆ پێچەوانەی لێدوانەکانی دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند هێرشەکە بە دوو درۆن بووەو کراوەتە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام - هەولێر.
لەم پەیوەندەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەیانی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشەکەوە دوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی کرد "بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن".

