دواین زانیاری لەبارەی بۆردوومانەكەی سنووری چەمچەماڵ

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ناوچەیەكی سنووری چەمچەماڵ سەر بەپارێزگای سلێمانی لەهەرێمی كوردستان بۆردوومان كرا، تائێستا زیانە گیانی و ماددیەكانی نەزانراون، ئەمەش شەشەم بۆردوومانە لەماوەی پێنج ڕۆژدا.
بەپێی زانیاریەكان بەرەبەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر هەشت و 15 خولەك، گوندی چنارتووی سەر بە شارەدێی ئاغجەلەر لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆردوومان كرا، تا ئێستا زیانە گیانی و مادیەكانی ئەو هێرشەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ نەزانراوە و لایەنە ئەمنییەکانیش هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردوەتەوە.
چوار ڕۆژلەمەوبەر زیاتر لە پێنج جار ئەو سنوورە لە لایەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیاوە بۆردوومان كرا،هەر هەمان ڕۆژیش توركیا سنووری پێنجوێنی بۆردوومانكرد، هاوكات بەردەوامە لەبۆردومانكردنی سنووری بادینان.
هێرشەكانی توركیا لەكاتێكدایە ئەو گرووپە چەکدارە شیعانەی عێراق کە نزیکن لە ئێران و ناویان لەخۆیان ناوە "موقاوەمەی ئیسلامی" لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2023ـوە 27 هێرشان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.
کاردانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانە بۆردوومانکردنی پێنج بنکەی ئەو گرووپانە بووە لە عێراق، کە بەهۆیانەوە 12 چەکداریان کوژراون.

