لەسلێمانی 17 هەزار تۆ‌ن گۆشت ڕەوانەی بازاڕەكان كراوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لێپرسراوی هۆبه‌ی كوشتارگه‌ی هاوچه‌رخی سلێمانی ڕایگەیاند، له‌ماوه‌ی ١٢ مانگی ساڵی ٢٠٢٣دا، زیاتر لە ١٧ هه‌زار تۆ‌ن و ٤٥١ كیلۆ گۆشت ڕه‌وانه‌ی بازاره‌كانی سلێمانی كراون، دەشڵێت نزیكه‌ی ٤٥ تۆنیش له‌ناوبراون كه بۆ به‌كارهێنان شیاو نه‌بوون.
د.شاڵاو عارف، لێپرسراوی هۆبه‌ی كوشتارگه‌ی هاوچه‌رخی سلێمانی بڵاویكردەوە: له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی كاركردنی تیمی پزیشكی كوشتارگه له‌ژێر چاودێری و ڕێنمایی به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانی، بڕی ١٧ هه‌زار تۆ‌ن و ٤٥١ كیلۆ گۆشتی ته‌ندروست ڕه‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی كراون كه له ڕووی ته‌ندروستی و به‌های خۆراكیه‌وه شیاوبوون بۆ به‌كارهێنان، به سه‌رجه‌م هه‌نگاوه‌كانی به‌رهه‌مهێنانیشدا تێپه‌ڕیوون كه له ڕووی پێوه‌ره‌كانی پزیشكی ستاندارد بوون".
وتیشی:"بڕی ٤٤ تۆ‌ن و ٩١٠ كیلۆ گۆشت له‌لایه‌ن تیمی پزیشكیه‌وه دیاریكراون كه له ڕووی ته‌ندروستی و به‌های خۆراكیه‌وه بۆ به‌كارهێنان شیاو نه‌بوون و به‌ڕێگه‌ی زانستی له‌ناوبراون، هاوکات به هه‌زاران ئەندامی لاشه‌ی ئاژه‌ڵی نه‌شیاویش له ناوبراون، نزیكه‌ی هه‌زار ئاژه‌ڵی زیندووش ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه كوشتاریان بۆ بكرێت كه هه‌ڵگری نه‌خۆشی بوون و نێردراونه‌ته‌وه بۆ چاره‌سه‌ر”.
لێپرسراوی هۆبه‌ی كوشتارگه‌ی هاوچه‌رخی سلێمانی دەشڵێت: نزیکەی ١٦ وانه‌ی زانستی له ڕووی پراكتیكیه‌وه پێشكه‌ش به ناوه‌نده ئه‌كادیمیه جۆراوجۆره‌كان كراون، هاوكاری ئه‌نجامدانی یه‌ك توێژینه‌وه‌ی زانستیش كراوه له‌باره‌ی نه‌خۆشیه مرۆژه‌ڵیه‌كان (گوازراوه‌كان) كه له ڕووی زانستی پزیشكیه‌وه گرنگن بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌باره‌یانه‌وه.

