لەچەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیار لەسەر سێ گوژمەی قەرزی 700 ملیارەکە دەدرێت

وەفدێکی عێراق دێتە هەرێم و وردبینی دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وابڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بگاتە هەرێمی کوردستان ، بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی وردبینی خۆی لەبارەی خەرجی‌ و داهاتی شەش مانگی كۆتایی ساڵی 2023 بەو سێ‌ مووچەیەشەوە كە نەدراوە و ئەو سێ‌ گوژمەی 700 ملیارەی بۆ مووچە نێردراوە.

بەپێی زانیاریەکان بڕیارە وەفدەکەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق ڕاپۆرتی هاوبەش لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەبكەن، وەک بەشێک لەمەرجەکانی ناردنی پشکی هەرێم لەبودجەی گشتیی عێراق، کە لەیاسای بودجەی گشتیدا هاتووە.

لەوبارەیەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە: “ئەو لیژنەیەی دیوانی چاودێری دارایی، کە سەردانی هەرێم دەکات، دەبێت ڕاپۆرت لەسەر خەرجی ‌و داهات ئامادەبکات دەبوو ئەو ڕاپۆرتە بەر لەداخستنی بودجەی 2023 ئامادەبکرایە، کە شەش مانگ پێکەوە دەکرێت”.

جەمال کۆچەر وتیشی:“بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەبێت دیوانی چاودێری دارایی عێراق ڕاپۆرتەکەی لەسەر خەرجی ‌و داهاتی هەرێم بداتە ئەنجوومەنی وەزیران‌ و پەرلەمانی عێراق”.

پێشتر موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو:"بە ئەگەریکی زۆرەوە لەم هەفتەیە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە وەفدەکە دەگەنە هەولێر و دەست بە کارەکانیان دەکەن و چارەنووسی سێ مووچەی کۆتایی ساڵی ڕابردووش لەگەڵ وردبینییەکدا یەکلایی دەبێتەوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار