مەحمود عوسمان: وەزعی كورد نالەبارەو بەرگری لەخۆی پێناكرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سیاسەتمەدارێكی كورد رایگەیاند: هێرشە درۆنیەكان بۆ هەرێمی كوردستان زیانی زۆری گەیاندووەو ئێستا وای لێهاتووە كەس نییە بەرگری لە كورد بكات و خۆشی بەرگری پێناكرێت و وەزعی كورد نالەبارەو لایەنەكانی هەرێمیش نەكۆدەبنەوە، نەیەكگرتوون نەدەشتوانن دۆخەكە باشبكەن.
مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری كورد هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێم بەمەترسی گەورە دەزانێت رایگەیاند:"ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان زیانی زۆری گەیاندووە، هێرشەكان لەلایەن ئەو هێزانەوە دەكرێت كە سەر بەئێرانن، بەشێك لە هێرشەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكایە، لەهەمانكاتدا بەشێكیشیان دژ بەكوردە، بۆ نموونە لەڕۆژانی ڕابردوو وا بڵاوكرایەوە كە پەلاماری ئیستخباراتی موسادیان داوە لە ناو هەولێر، ئەمە ڕاست نییەو دەیانەوێت لە كورد بدەن، یاخود كورد ناچار بكەن لەگەڵیان بێت، بۆیە ئێستا وای لێهاتووە كەس نییە بەرگری لە كورد بكات و خۆشی بەرگری پێناكرێت".
مەحمود عوسمان ئەوەشی بەدەنگی ئەمریكا وتوە: "وەزعی كورد نالەبارە، چونكە ئێران ڕۆڵی سەرەكی هەیە لەناوچەكەداو كوردیش بووە بە بەشێك لەو ململانێیەی لەنێوان ئەمریكاو ئێراندا هەیە، چونكە ئێران وا هەست دەكات كورد زیاد لەپێویست لەگەڵ ئەمركیاو توركیا ڕۆشتووە، كوردیش كەمتر بەلای ئێراندا شكاندویەتیەوە، ئەوان دەیانەوێت زەختێك بكەن بۆیە مەترسی هەیە، لەو لاشەوە توركیا لە كورد دەدات".
"لەم دۆخە خراپەدا كورد دەبێت یەكگرتوو بێت، دواتر لە یەكی بداتەوە بەرژەوەندی بەلای ئێراندایە یان ئەمریكاو سودی چییەو كێشەكانی چۆن چارەسەر دەبن، ئەوكات بڕیاری خۆیی بدات تا زیانی كەمتری هەبێت، بەڵام بەداخەوە نەلایەنەكان كۆدەبنەوە، نەیەكگرتوون نەدەشتوانن دۆخەكە باشبكەن". مەحمود عوسمان وای وت.

