هێزەكانی پاراستنی گەل لەڕێگەی هاوڵاتییەوە هەواڵی تیرۆركردنی ئەندامێكی دیكەیان لەسلێمانی ڕەتدەكەنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

سەرچاوەیەك لەهێزەكانی پاراستنی گەل هەواڵی تیرۆركردنی ئەندامێكی دیكەیان لەسلێمانی ڕەتدەكاتەوەو دەڵێت "نۆ مانگ لەمەوبەر ئەو هەڤاڵەمان لەشەڕێكدا شەهیدبووەو خۆمان هەواڵی شەهیدبوونەكەیمان بڵاوكردوەتەوە".
سەرچاوەیەكی باڵا لە هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بە هاوڵاتی وت:"ئەو هەواڵەی كە گوایە میت لە سلێمانی ئۆپەراسیۆنی كردووەو هەڤاڵێكمانی بەناوی (جەسور وەدات) شەهید كردووە، سەرتاپا درۆیە".
سەرچاوە باڵاكەی هەپەگە ئەوەشی وت"دەوڵەتی داگیركەری توركیا جارێك دیكە بۆ شاردنەوەی شكستەكانی پەنا دەباتە بەر درۆو شەڕی دەروونی، پێشتر لە 25-12-2023 رامانگەیاندبوو كە دەوڵەتی توركیا لەڕێگەی ئاژانسی ئانادۆڵەوە، بانگەشەی كردووە كە گوایە یەكێك لەو سێ هەڤاڵە شەهیدەی كە لە10ی  ئاداری 2023 لەشەڕدا لە هەرێمەكانی پاراستنی میدیا شەهید بووە (هەڤاڵ عەلی خەبات)، نەك لەسلێمانی تیرۆر كرابێت، بە بەڵگەوە هەواڵی دەزگای ئەنادۆڵمان بەدرۆ خستبووە كە چۆن ئێمە خۆمان لە 15ی كانونی یەكەمی 2023 هەواڵی شەهید بونی ئەو هەڤاڵانەمان راگەیاندوە".
سەرچاوەكە وتیشی "ئێستاش دەزگای شەڕی تایبەتی ئەنادۆڵ ناوی یەكێك دیكە لەو سێ هەڤاڵەی بڵاوكردۆتەوە (شەهید جەسور وەدات) كە گوایە لە سلێمانی تیرۆركراوە".
ئەو سەرچاوەیە هەپەگە ئەوەشی خستەڕوو:" ئەو هەڤاڵەمان لە شەڕداو لە هەرێمەكانی پاراستنی میدیا لە گەڵ دوو هەڤاڵی دیكەی نۆ  مانگ لەمەوپێش لە مانگی ئاداردا شەهید بوون و  خۆشمان ١٥ی ئەم مانگە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو سێ هەڤاڵەمان بڵاوكردووەتەوە".
جێی ئاماژەیە ڕۆژی 15-12-2023 ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە سەبارەت بە سێ گەریلا لە هەڕێمەكانی پاراستنی میدیادا شەهید بوون ڕاگەیەندراوێكی بلاو كردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: 10ی ئازاری 2023 لە ئەنجامی هێرشێكی دوژمن بۆ سەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا، هەڤالانمان عەلی خەبات، ڕێناس و جەسور شەهید بوون.
ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بڵاویكردوەتەوە "دەزگای میت، لە ئۆپەراسیۆنێكیدا لە دەوروبەری سلێمانی (عەبدولموتەڵیب دۆغروجوی) كە بە (جێسور وەدات) ناسراوە كوشتوە".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار