مامۆستایانی ناڕازی دەستپێکردنەوەی دەوام رەتدەکەنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایگەیاند، لەگەڵ هیچ بەرپرس و بەرێوەبەرێکی حکومی هەرێم کۆنەبونەتەوە و دوپاتی دەکەنەوە کە بایکۆتکردن بەردەوامە تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.
دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ کەسێک بەناوی (م.عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی)؛ لە سێ لێدواندا، ئاماژە بەوە دەکات گوایە لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی کۆبوونەتەوە و هەردوولا پێیان باشە دەوام دەستپێبکاتەوە.
مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، ئێمە وەکو ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی، ئەم جۆرە لێدوانانە بە نابەرپرسانە و ناڕاست دەزانین و ڕەتیدەکەینەوە.
ئەوەشخراوەتەڕو، کۆنگرەی ڕۆژی یەکشەممەش بۆ باسکردنی سەردانەکەمان بوە بۆلای سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، دوپاتی دەکەنەوە بایکۆت بەردەوامە تا جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، عومەر محەمەد ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە میدیاکانی راگەیاندبو، لەم سێ چوار رۆژەدا پرۆسەی خوێندن لە سلێمانی یەکلایی دەکەنەوە و کاتی خوێندن درێژدەکەنەوە و بابەتی خوێندنیش کەمدەکەنەوە.

