تەرمی هونەرمەندی شەهید، مەنسوور کەریمیان لە شاری سلێمانی بە خاک دەسپێردرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وا بڕیارە رۆژی یەک شەممە ٧-١-٢٠٢٤ ، تەرمی هونەرمەند و دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، مەنسوور کەریمیان لە شاری سلێمانی و لە گۆڕستانی شێخ عەباس لە گەڕەکی وڵووبە بە خاک بسپێردرێت.

مەنسوور کەریمیان دەرهێنەر و سینەماکاری رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی شاری سنە، رۆژی ٢٣ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٣ لە بۆردمانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، لە دێرک گیانی لەدەستدا.

تەرمەکەی هێنرایەوە کوردستان و هەوڵدرا ببرێتەوە شاری سنە و لەوێ بە خاک بسپێردرێت، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەموو هەوڵەکان ڕێگەیان نەدا تەرمی ئەم هونەرمەندە گەنجە بگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆیە لەسەر بڕیاری بنەماڵە و هاوڕێیانی بڕیاردراوە رۆژی یەکشەممە لە شاری سلێمانی بە خاک بسپێردرێت.

هاوکات لە لایەن دۆستان و هاوڕێیانی ئەم هونەرمەندەوە بانگەوازێک بڵاو کراوەتەوەو داوا لە سەرجەم هونەرمەندان و هونەردۆستان کراوە لە رێ و رەسمی ناشتنی ئەم هونەرمەندە شەهیدەدا ئامادە بن وەک وەفایەک بۆ گیانی پاکی ئەم هونەرمەندە .

 مەنسوور کەریمیان، ساڵی ١٩٨٤ لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. لە تەمەنی گەنجییەوە بە هۆی حەزەکانی بۆ سینەما، ئەم بوارە هونەرییەی هەڵبژاردوەو ماوەی ٢٠ ساڵ ئەزموونی هەیە وەک وێنەگر، کامێرامان و دەنگ هەڵگر و... لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی رۆژئاوا سەردانی رۆژئاوای کرد بۆ ئەوەی لە رێگای هونەرەکەیەوە بتوانێت خزمەت بەو شۆڕشە بکات. هاوکاری کۆمینی فیلمی رۆژئاوا بوو. لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە بەتەواوەتی نیشتەجێی ئەو پارچەیەی کوردستان بوو.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار