نانەواو سەمونخانەكانی دهۆك بڕیاری هەرزانكردنی نرخی نان و سەمون رەتدەكەنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خاوەن فڕنی نان و سەمونخانەكان دهۆك رایانگەیاند ناتوانن بڕیارەكەی چاودێری بازرگانی دهۆك بۆ هەرزانكردنی نرخی نان و سەمون جێبەجێ بكەن و پێوەی پابەندبن. لەچەند رۆژی رابردودا چاودێری بازرگانی دهۆك ئاماژەی بەوەدابوو كە دەبێت لەمەودوا خاوەن فڕنی نان و سەمونخانەكان 8 نان بەهەزار دینار بفرۆشن و 8 سەمونیش بكرێت بەهەزار دینار.
ئەیاز مزوری، نوێنەری خاوەن فڕنەكانی دهۆك بەهاوڵاتی وت"ئەگەر بەپێی بڕیارەكەی حكومەت ئیش بكەین دەبێت واز لەئیشەكەمان بهێنین، چونكە جگە لە زیان هیچ قازانجێكی تیادا نیە"
"ئێستا فەردەی ئارد لەنێوان 30 بۆ 38 هەزار دینارە، جگە لە بوتڵی غاز و زەیت و كرێی دوكان و كرێكارو زۆر شتی تر، دەبوایە لەگەڵ زیادكرنی ژمارەی نان و سەمون ئاردو غازیش بەنرخێكی هەرزانتر بۆ خاوەن فڕن و سەمونخانەكان دابین بكرایا" نوێنەری خاوەن فڕنەكانی دهۆك وای وت.
بەپێی بڕیارەكە پێویستە لەمەودوا زیادكردنی سەمون و نان بەم شێوەیە بێت، دوو سەمون كە كێشی سەمونێك دەبێت 400 گرام بێت هەزار دینار، چوار سەمون كێشی هەر سەمونێك 200 گرام بێت بەهەزار دینارو هەشت سەمونیش كە كێشی هەر یەكێكیان 100 گرام هەزار دینار. هەر بەپێی بڕیارەكە بۆ نانیش دوو نان كە كێشی هەر یەكێكیان 400 گرام بێت بە هەزار دینار، چوار نان كێشی هەریەكێكیان 200 گرام بە هەزار دینارو هەشت نانیش كە كێشی هەر یەكێكیان 100 گرام بە هەزار دینار.
ئەیاز مزوری وتیشی"دوای بڕیارەكە خاوەن فڕن و سەمونخانەكان پەیوەندیمان پێوە دەكەن و هەموویان ناڕازین لەسەر بڕیارەكە، نابێت هاوكاری خەڵك لەسەر حسابی خۆمان بێت".
