كیسی وەرگرتنی خوێن لە بانکی خوێنی سلێمانی نەماوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەپێی ئەو زانیارانەی دەست پەیامنێری هاوڵاتی کەوتون زیاتر لە 10 ڕۆژ دەبێت لەبانکی خوێن لە سلێمانی كێشەی نەمانی كیسی وەرگرتنی خوێن دروست بووە، ئەمەش گرفتی بۆ نەخۆش و بەخشەرانی خوێن دروست کردووە هاوکات بەهۆی ئەم گرفتەوە بانکی خوێن لە سلێمانی خوێنی ئەنبارکراوی کەمبووەتەوە.

 گەر ئەم گرفتە چارەسەر نەکرێت بەشێک لەنەشتەرگەریەکان پەکیان دەکەوێت.

سەرچاوەیەك لە تەندروستی سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە هاوڵاتی وت، بەهۆی كەمبونەوەی كیسی خوێن لە بانکی خوێنی سلێمانی بەشێک لە هاوڵاتیان پەنا بۆ کڕینی کیسی خوێن دەبەن لە بازاڕەکان.

بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە پەیوەندی کرا ، بە بەڕێوەبەری بانكی خوێن لە سلێمانی و ڕایگەیاند:" کە گرفتی نەمانی كیسی خوێنمان نیە، بەڵكو هەندێك کەرەستەی دیكەمان نیە كە پێویستن بۆ وەرگرتنی خوێن، لە ئێستادا لەسەر هێڵین بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانە"

لەم بارەیەوە سەرۆكی كۆمەڵەی تالاسیما لەسەر هەمان بابەت باسی لەوەكرد كێشەی نەمانی كیسی وەرگرتنی خوێن نزیکەی دوو مانگ بەر لەئێستە بوو، بەهۆکاری ئەوەی کە بەشێک لەم کیسانە لە کوالیتی کۆنتڕۆڵ دەرنەچون، هەربەزووی پەیوەندیمان كرد بە وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە تا ئەو پێداویستیانەمان بۆ بنێرن، بۆیە ئێستا وەک توشبوانی تالاسیما ئەم گرفتمان نیە.

بەڵام سەرچاوە تایبەتەکان لەناو تەندروستی دەڵێن زیاتر لە 10 ڕۆژە بانكی خوێن گرفتی نەمانی كیسی خوێنی هەیە، ئەگەر هاوڵاتیەك بیەوێت خوێن ببەخشێت، دەبێت لەدەرەوە پێداویستیەكان بكڕێت، جێگەیباسە  لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی ئەم گرفتەدا کێشە بۆ بەشی چاودێری چڕ و بەشی نەشتەرگەری و سەنتەری هەس و جگەر و نەخۆشخانەی هیوا دروست دەبێت.

بۆ دڵنیابوونەوە لەسەر ئەم گرفتەی کە لەبانکی خوێن دروست بووە پەیوەندی کرا بە هەریەك لە جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكانیان نەدایەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار