کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێم: نیگەرانین لە پێشێلکارییەکانی ئازادی راگەیاندن لە هەرێم
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند، نیگەرانن لە پێشێلکارییەکانی ئازادی راگەیاندن لە هەرێم. دەشڵێت، "رێگریکردن لە رۆژنامەنووسان کاتی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ هەڵەبجە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوەیە".
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکاشدا هاتووە کە پشتیوانی لە جێبەجێکردنی تەواوەتی هەردوو یاسای کاری رۆژنامەنووسی و یاسای بەدەستهێانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان و لە توانای ئازادانە و سنووردارنەکراوی رۆژنامەنووسان بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان دەکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە هەرێم بەشێوەی جیاواز تووشی رێگری و پێشێلکاری لە بەرامبەر بەجێهێنانی پیشەکەیاندا دەبنەوە، لەسەر ئەو پرسەش رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی دەرەوە چەندین جار هۆشداری توندیان داوەتە بەرپرسانی هەرێم.
دەقی ڕاگەیاندنەکەی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا:
نیگەرانین بە بیستنی هەواڵی پێشێلکاریەکانی ئەم دواییەی سەر ئازادیی ڕاگەیاندن، لەوانە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لە شاری دهۆک لە هەفتەی ڕابردوودا و هەروەها ڕێگریکردن لە ڕووماڵی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە کاتی سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیران بۆ هەڵەبجە، کەوا دەردەکەوێت بە پاڵنەری سیاسی کرابێت. کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا پشتیوانی لە جێبەجێکردنی تەواوەتی هەردوو یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی و یاسای بەدەستهێانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لە توانای ئازادانە و سنوردارنەکراوی ڕۆژنامەنوسان بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان دەکات.
