بە تۆمەتی دزیکردن لە مزگەوت تۆمەتبارێک دەستگیرکرا

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند بە تۆمەتی دزیکردن لە مزگەوت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی دزی لە سندوقی كۆكردنەوەی خێری دوو مزگەوت لە سلێمانی كرا، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، چاودێری خرایە سەر مزگەوتەكان و سەرەنجام توانرا لەكاتی دزیكردنەكەدا، تۆمەتبارێك لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەستگیر بكرێت".
ئاماژە بەوەشکراوە، "ئێستا تۆمەتبار (ب، ل، ع) لەدایكبووی 2003، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لە لێكۆڵنەوەكاندا دانی بەوەدا ناوە، كە لە چەند مزگەوتێك لە شاری سلێمانی و مزگەوتێكیش لە شاری هەولێر، دزیی لە سندوقی كۆكردنەوەی خێر بۆ ئەو مزگەوتانە كردووە".
