دەزگای لوتکە، لەماوەى 10 ساڵى رابردوو 591 کۆچبەر بوونەتە قوربانى

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەگوێرەی ئامارێکی دەزگای لوتکە، لەماوەى 10 ساڵى رابردوو 591 کۆچبەر بوونەتە قوربانى، کە 343 کۆچبەریان گیانیان لەدەستداوە و 248 کەسى دیکەش بێسەر و شوێنن.

ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، بەگوێرەى ئامارى دەزگاى لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران کە خستوویەتیەڕوو رایگەیاند، ئەوانەى تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵییەوەیە، لە ساڵى 2015 تاوەکو کۆتایى مانگى ئایارى ئەمساڵ، 750 هەزار و 498 کۆچبەرى عێراقى بە هەرێمى کوردستانیشەوە گەیشتوونەتە وڵاتانى ئەوروپا و داواى مافى پەنابەرێتییان لەو وڵاتانە کردووە.

دەشڵێت، لەماوەى 10 ساڵى رابردوودا 750 هەزار کۆچبەرى عێراقى بە هەرێمى کوردستانیشەوە گەیشتوونەتە وڵاتانى ئەوروپا.

سەبارەت بە گیان لەدەستدان و بێسەر و شوێنبوونی کۆچبەران ئەوە خراوەتەڕوو، لەماوەى 10 ساڵى رابردوودا 591 کۆچبەر بوونەتە قوربانى کە 343 کۆچبەریان گیانیان لەدەستداوە و 248 کەسى دیکەش بێسەروشوێنن.

لەم بارەیەوە ئارى جەلال، سەرۆکى دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران وتی، کۆچبەرانى عێراق بە هەرێمى کوردستانەوە بەردەوامن لە کۆچکردنیان بۆ دەرەوەى وڵات و گەیشتن بە وڵاتانى ئەوروپا".

جێگای ئاماژەیە، هەفتەى رابردوو نزیکەی 20 کۆچبەرى کورد لە نقومبوونی دوو یەختدا لە نزیک کەناراوەکانى کالابریای ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا.

بەگوێرەى پێشبینییەکانى دەزگاى لوتکە، چاوەڕواندەکرێت 75 هەزار کۆچبەرى دیکە لەمساڵدا لە رێگەى یۆنانەوە بگەنە وڵاتانى ئەوروپا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار