بەربەستی گەیشتنی مووشەکەکانی ئێران بۆ ئیسرائیل

3 كاتژمێر لەمەوپێش



قۆناغی یەکەم: کایەی ئاسمانيی عێراق
لە کاتی هەڵدانی هەر مووشەکێک لە ئێرانەوە، یەکەم بەربەست کە دێتە ڕێی، بنکە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە عێراق. سیستمە بەرگرییەکانی پاتریۆت کە لەوێ جێگیرکراون، دەبنە یەکەم هێڵی رێگری.

قۆناغی دووەم: ئاسمانی سوریا و ئوردن: 
ئەو مووشەکانەی لە قۆناغی یەکەم رزگاریان دەبێت، دەچنە ناو کایەی ئاسمانیی سوریا و ئوردن. لێرەدا دوو جۆر رێگری هەیە:
• هێزی ئاسمانی ئیسرائیل: فڕۆکە جەنگییەکان لە ناو خاکی سوریا هەوڵی خستنەخوارەوەی مووشەکەکان دەدەن.
• رۆڵی ئوردن: وڵاتی ئوردن بە ناچاریی بەشدارە لە تێکشکاندنی ئەو مووشەکانەی بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێدەپەڕن.

قۆناغی سێیەم: کەشتییە جەنگییەکان لە دەریای ناوەڕاست
پێش گەیشتن بە سنوورەکانی ئیسرائیل، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای ناوەڕاست بە سیستمە پێشکەوتووەکانیان دەبنە پارێزەرێکی دیکە بۆ رێگریکردن لەو مووشەکانەی هێشتا لە جووڵەدان.

 قۆناغی چوارەم: سیستمی بەرگریی پێنج چینەی ئیسرائیل
کۆتا و سەختترین بەربەست، ناوخۆی ئیسرائیلە کە پشت بە پێنج سیستمی تەواوکەری یەکتر دەبەستێت:
1. سیستمی تیر: بۆ مووشەکە دوورهاوێژەکان لە دەرەوەی بەرگەهەوا.
2. سیستمی تاد: بۆ بەرگریی ناوچەیی بەرز.
3. سیستمی پاتریۆت: بۆ ئامانجە ئاسمانییە جیاوازەکان.
4. فلاخەی داود: بۆ مووشەکی مەودا ناوەند.
5. گومەزی ئاسنین: بۆ مووشەکی مەودا کورت.

دەرئەنجام:
سەرەڕای ئەم هەموو چینە بەرگرییە چڕوپڕە، گەیشتنی تەنانەت یەک مووشەک بۆ شارەکانی وەک تەلئەبیب و حەیفا، لە ڕووی سەربازییەوە بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ ئێران دادەنرێت، چونکە توانیویەتی بەناو ئاڵۆزترین تۆڕە بەرگرییەکانی جیهاندا تێپەڕێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار