وەزارەتی دارایی: بەم زووانە رێنمایی نوێ بۆ کارئاسانی گەڕانەوەی پێشینەکان دەردەچێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، بەم زووانە رێنمایی نوێ لەبەرژەوەندی هاونیشتمانییان بۆ کارئاسانی گەڕانەوەی پێشینەکان دەردەچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشێک لە بانکە پسپۆڕیەکانی وەزارەت کۆبۆوە و پرسی گەڕاندنەوەی پێشینەکان لە بواری قەرزی نیشتەجێکردن، خانوبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری بەوردی گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بەرپرسانی بانکەکان داتاو پێشنیاری خۆیان خستەڕوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئاوات شێخ جەناب بانکە پسپۆڕیەکانی راسپارد بەزوترین کات راپۆرت و پێشنیاری خۆیان لەسەر شێوازی گەڕانەوەی پێشینەکان پێشکەش بکەن تاوەکو لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت و دواتر رێنمایی پێویستی بۆ دەردەکرێت بەجۆرێک لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان و ئەو چین و توێژانە بێت کە پێشینەکانیان وەرگرتووە
