پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی 12 تۆمەتباری راگەیاند
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێرلە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستیان بەسەر چەندین پارچە چەک و تەقەمەنیدا گرتووە و 12 تۆمەتباریشیان دەستگیرکردووە.
ئەمشەو پێنجشەممە 11ی تەموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، "دوای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتییانەوە ئاگادارکراینەوە کە لە شوێنێکی شاری هەولێر بە شێوەیەکی نایاسایی مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی چەکەوە دەکرێت، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد".
"پاش لێکۆڵینەوەیەکی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو شوێنە، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، ئۆپەراسیۆنێکمان بۆ سەر ئەو شوێنە ئەنجامدا و توانیمان دەست بەسەر چەندین جۆر پارچە چەکدا بگرین، لەوانە یەک قەناس، 18 دەمانچە، نۆ کڵاشینکۆف و ١٧٤ مەخزەنی چەک و زیاتر لە شەش هەزار فیشەکی جۆراوجۆر و چەندین کەلوپەلی سەربازیی تر و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا گرت"، پۆلیسی هەولێر وادەڵێت.
روونیشیکراوەتەوە، 12 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کەوا مامەڵەیان بە چەکی نایاساییەوە دەکرد، بۆیە بەپێی مادەی 15ی چەک، دراونەتە دادگا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر جەخت دەکاتەوە لەوەی، لە هەر شوێنێک مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی هەر جۆرە چەکێکەوە بکرێت، دەستبەجێ دەست بەسەر چەکەکاندا دەگرین و ئەو کەسانەش دەستگیر دەکەین کە مامەڵە بە چەکی نایاساییەوە دەکەن، ئەمەش لە پێناو جێبەجێکردنی یاسای قەدەغەکردنی چەک و کەمکردنەوەی رێژەی تاوان.
