ئومێد سەباح: رێکارە کارگێڕییەکان و سیستەمی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا رێکدەخەین
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ، رێکارە کارگێڕییەکان و سیستەمی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا رێکدەخەنەوە.
ئەمشەو پێنجشەممە 11ی تەموزی 2024، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی فەرمی خۆی رایگەیاندووە "ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازیمان لە شاندێکی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ کرد، کە تایبەت بوون بە رێکخستنەوەی رێکارە کارگێڕی و داراییەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەکە لە ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئامادەیبوون، باس لە چۆنیەتی رێکخستنەوەی رێکارە کارگێڕییەکان و سیستەمی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا کراوە بەشێوەیەک کە هاوشێوەی یەکتری بن و گونجاوبن لەگەڵ یەکتر".
دەشڵێت، "بۆ ئەم مەبەستە بڕیاری پێکهێنانی تیمێک درا، ئەم تیمە کار لەسەر رێکخستنەوەی رێکارە کارگێڕییەکان و دروستکردنی سیستەمێکی دارایی گونجاو و هاوبەش دەکات لەنێوان هەرێـم و بەغدا کە دەبێتە بناغەیەکی بەهێز بۆ ئەوەی لەداهاتوودا گرفتە کارگێڕیی و داراییەکان بگەن بە چارەسەر".
