لە بەغداوە بڕە پارەیەکی دیکە گەیشتە هەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە بەغداوە بەشێكی دیكەی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە، كە بڕەكەی 10 ملیار دینارە.

ئەمڕۆ شەممە 13ی تەموزی 2024، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاند، "لە بەغداوە بەشێكی دیكەی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە، كە بڕەكەی 10 ملیار دینارە، سێ ملیار دیناری بۆ هەولێرە، پێنج ملیار دیناری بۆ سلێمانییە و دوو ملیار دیناریشی بۆ دهۆكە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "رێكارە كارگێڕی و داراییەكانی دابەشكردنی ئەو 10 ملیار دینارە بەرەو تەواو بوونە و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشكردنی چەكەكان دەكرێت، هەروەها ئەو پارەیەی دێت بەردەوام دابەش دەكرێت، بەڵام كاتێك پارە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتمان، دواتر چەك دەكرێت و چەكەكانیش كاتیان دەوێت تاوەكو ئامادە دەكرێن و پەسند دەكرێت، بەڵام دڵنیایی دەدەین، پارەی گەنمی جوتیاران زۆر بە رێكوپێكی دابەش دەكرێت و كێشەی نییە".

وەک ئاماژەی پێداوە، بە گشتی تاوەكو ئێستا 70 ملیار دیناری پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران هاتووە و بێجگە لەو 10 ملیار دینارەی تازە هاتووە، زیاتر لە 60 ملیار دیناری دیكە نێردرابوو، بەشی زۆری دابەش كراوە.

بۆ هەر یەك تۆن گەنم بڕی 850 هەزار دینار دەدرێت و حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 700 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و تاوەكو ئێستاش نزیكی 450 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان وەرگیراوە و پڕۆسەكەش بەردەوامە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار