بەرەی گەل: لەرابردوودا دەستپێشخەرییمان هەبووە و هەوڵمانداوە بەرەیەکی فراوان درووستبکەین بەڵام وەڵامی لایەنەکان ئەرێنی نەبوون

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرەی گەل لەبارەی لەبارەی درووستکردنی هاوپەیمانیەتیەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ شەممە 13ی تەموزی 2024، بەرەی گەل رایگەیاند، "لەبارەی درووستکردنی هاوپەیمانیەتیەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەرەی گەل رایدەگەیەنێت؛ لەرابردوودا دەستپێشخەرییمان هەبووە و هەوڵمانداوە بەرەیەکی فراوان درووستبکەین بەڵام وەڵامی لایەنەکان ئەرێنی نەبوون، لە ئێستادا لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێک لەگفتوگۆدانین بۆ ئەو مەبەستە، هاوکات نە ئێستا و نە دوای هەڵبژاردن دەرگای هاوپەیمانیەتی و دروستکردنی بەرەیەکی فراوان لەگەڵ هیچ هێز و لایەن و کەسێکدا داناخەین کە خێر و خۆشی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستانی بوێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەرەی گەل دووپاتی دەکاتەوە کە وەک هێزێکی جەماوەری خۆی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان ئامادەکردووە و بە پشتیوانی دەنگی ئەو دەنگدەرە بوێر و دلێرانەی کە خواستێکی گەورەی گۆڕانکارییان هەیە و زۆرینەی دەنگدەران پێکدەهێنن لە کوردستان، دەیەوێت گۆڕانکاریی ریشەیی لە حکومڕانی ئەنجام بدات و خەڵکی کوردستان لەم نائومێدی و دۆخە ناهەموارە رزگار بکات".
