هێزەکانی 70: ئەگەر عێراق راستەوخۆ لیستی مووچەمان لێوەر بگرێت ئامادەکاری تەواومان کردووە و پێیان دەدەین

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێزەکانی 70 لەبارەی پێدانی لیستی مووچەکانیان بە بەغدا راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەگەر عێراق راستەوخۆ لیستی مووچەمان لێوەر بگرێت ئامادەکاری تەواومان کردووە و تەسلیمی دەکەین.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تەموزی 2024، هێزەکانی 70 رایگەیاند، "خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، وەک شایستەیەکی دارایی مانگانە و بەرامبەر  ئەرکەکانیان لە پاراستنی  هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق مایەی خۆشحاڵییە و دەبێتە مایەی هاندانی زیاتریان بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە خزمەت کردنی ووڵاتدا هیوادارین لە مەودوا هیچ  ئاستەنگێک نەیەتە رێی ئەم پرۆسەیە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق".

ئاماژە بەوەکراوە، "بەم بۆنەیەوە ئێمە لە فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگەی کوردستان  بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین لەناو هێزەکانی فەرماندەیمان هیچ ناوێک بوونی نییە کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی تر بێت جگە لە رەگەزنامەی عیراقی و یەک ناویش نییە کە وجودی ماددی و فیزیکی نەبێت، واتە ناوی وەهمی بێت بەتایبەت دوای ئەوەی تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجام دراوە".

ئەوەش هاتووە، "بۆیە روون و رەوان رایدەگەیەنین کە بۆ مووچەی ئەم مانگی تەموزە ئێمە ئامادەیی تەواومان هەیە کە لیستی تەواوی ناوی پێشمەرگەکانمان بە زانیاری و بەڵگەنامەی داواکراوی پێویستیەوە پێشکەش بکەین و چیتر ئامادە نین مووچە و قوتی بنەماڵەکانیان بکرێتە بارمتەی ناروونی زانیاری و داتا گەلێک کە پەیوەندی بە هێزەکانمانەوە نییە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "تەنانەت ئەگەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ راستەوخۆ لیستەکانمان لێوەربگرێت ئێمە ئامادەکاری تەواومان کردووە و گومانمان لە راستی و دروستی زانیاری و داتاکانمان نییە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار