عوسمان زیندانی: کارکردن لەو پڕۆژەیە راگیرا کە کرێکارێک لێی کەوتە خوارەوە و گیانیلەدەستدا
.jpg)
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی ئەو کەموکورتی و کەمتەرخەمیانەی لە پڕۆژەیەکەدا هەبوون و بەهۆیەوە کرێکارێک گیانی لەدەستدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاریدا کارکردن لە پرۆژەکەدا رابگیرێت.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، 18ی تەمووزی 2024، عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی رایگەیاند، بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی تێیدا، کارکردن لەو پرۆژەیەدا راگیرا کە سەرەتای ئەم هەفتەیە کرێکارێک لێیکەوتەخوارەوە و گیانیلەدەستدا.
عوسمان زیندانی دەشڵێت، دوای رووداوەکە سەرەتا سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە رێگەیان نەدا بچینە شوێنی رووداوەکە، بۆیە دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ پشکنەرێکی وەزارەتی کار سەردانی شوێنەکەمان کرد، بۆمان دەرکەوت سەرجەم ئاسەوارەکانی رووداوەکەیان نەهێشتووە.
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەهۆی ئەو کەموکورتیانەی لە شوێنی کارەکەدا هەیە لەگەڵ ئەو کەمتەرخەمیانەی کراوە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاریدا کارکردن لە پرۆژەکەدا رابگیرێت.
دەشڵێت، لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکە قسەم کردووە، ئەوان بە نیازن لە دادگا داوای یاسایی تۆماربکەن و داوای مافی کوڕەکەیان بکەن کە بەهۆی کەمتەرخەمی خاوەن پرۆژەکەوە گیانیلەدەستداوە.
جێگەی ئاماژەیە، شەممەی رابردوو گۆران ئەکرەم کە کرێکاری بیناسازی بوو، لە کاتی کارکردن لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی لە نهۆمی 40 کەوتەخوارەوە و گیانیلەدەستدا.
