لێبڕین لە مووچەی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە کرا

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی کورتهێنان لەو پارەی کە بەغدا ناردوویەتی تەنها مووچەی یەک مانگی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی دابەشکرد، هەروەها بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانیش مووچەکانیان لێی بڕاوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی هاوڵاتی وەریگرتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی تەموزی 2024 بەپێی ئەو خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردبووەوە مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80 و لیوا هاوبەشەکان مووچەی هەردوو مانگی چوار و پێنجیان وەرگرت، بەڵام لە دابەشکردنی مووچەدا کێشە هەبوو بەشێک لە هێزەکانی 70 و خانەنشینانی پێشمەرگە تەنها مووچەی مانگی پێنجیان پێدراوە.
هەروەها بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی کە لە چەند سەرچاوەیەکی تایبەت وەریگرتووە، کارمەندانی بەرگریی فریاکەوتن بڕی 100 هەزار و یەکەی پاسەوانی بڕی 60 هەزار دینار لە مووچەکانیان بڕاوە.
سەرچاوەیەکی تایبەتیش کە نەیویست ناوێ ئاشکرابکرێت لە هێزەکانی 80 بە هاولاتی راگەیاند، "ئەمڕۆ مووچەمان وەرنەگرتووە و لەکاتێکدا بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی بوایە دەبوو ئەمڕۆ مووچەی یەکەی 80 دابەشبکرێت".
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەوەی بڕی 26 ملیار و 790 ملیۆن دینار کورتهێنان لە مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە هەیە کێشەی لە دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان دروستکردووە، چونکە بەغدا دوای وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەغدا مووچەی هێزەکانی رۆژ و حسێن یەزدان پەنا و هێزە بیانییەکانی بڕی.
