چاودێریی دارایی عێراق: بەمزووانە کێشەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر دەبێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لیژنەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دوای سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و وردبینی لە لیستی ناو و مووچەدا، چەند تێبینییەکی داوەتە هەرێمی کوردستان. بەپێی زانیارییەکان لیژنەکە رایگەیاندووە "کێشەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر دەکرێت".
لە 8ی تەممووز، لیژنەیەکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ وردبینی لە ناو و لیستی مووچەی مووچەخۆران (سەربازی و مەدەنی) سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لیژنەکە بە هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە، "کێشەیەکی ئەوتۆ نەماوە و بەمزووانە کێشەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر دەبێت".
لەبارەی کێشەی مووچەی سەربازیشەوە، لیژنەکە بە هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، پێشمەرگەی لیواکانی بەرگری و فریاکەوتن و نەوت و گاز بخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و یەکەکانی 70 و 80ش بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینییان لە لیستی مووچەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان تەواوکرد و "هیچ کێشەیەک لە لیستی میلاکات و مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیەدا نەبووە".
