پەرلەمانتارێکی عێراق: هەنگاوەکانی هەردوو حکومەت بۆ راگرتنی لەشکرکێشییەکانی تورکیا تەنها لێدوان و کۆبوونەوە بووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پرسی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان پرسێکی هەستیارە، ئاماژە بەوەشدەکات، هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە زیانی گیانی و قوربانی هاوڵاتییانی مەدەنی، زیانی مادیشی لێدەکەوێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پرسی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەم پرسە پرسێکی هەستیارە و ئەمە یەکەمجار نییە سنووری هەرێمی کوردستان دەبەزێندرێت و ترس و دڵەڕاوکێ بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دروستدەکات".

سێکانیانی وتی، "هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە زیانی گیانی و قوربانی هاوڵاتییانی مەدەنی، زیانی مادیشی لێدەکەوێتەوە و رەز و باخی هاوڵاتییان دەسوتێندرێت".

ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق باسی لەوەشکرد، چەندینجار لە پەرلەمان باسی ئەم پرسە کراوە و بە پلەی یەکەم ئەرکی حکومەتی عێراقە پارێزگاری لە سنوورەکانی بکات بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وتیشی، "ئەگەر کێشەیەک هەبێت باشترە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، چونکە شەڕ جگە لە ماڵوێرانی و زیانگەیاندن هیچ سوودێکی دیکەی نییە، تەنها نائارامی دروستدەکات لە ناوچەکە".

دارا سێکانیانی ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای کۆتایی هاتنی پشووی پەرلەمانی عێراق دوور نییە پرسی لەشکركێشییەکانی تورکیا یەکێک بێت لە پرسەکانی پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکات".

ئەوەشی خستەڕوو، "کە تاوەکو ئێستا هەنگاوەکانی هەردوو حکومەت تەنها لێدوان و کۆبوونەوە بووە و هیچ هەنگاوێکی دیکە نەنراوە بۆ راگرتنی بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن سوپای تورکیاوە".

لەشكركێشییەکانی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی هەبوونی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بەردەوامی هەیە بە تایبەت بۆ ناوچەکانی قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار