کوێستان محەمەد: بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمان و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە نەتوانراوە یاسای لێبوردنی گشتی لە هەرێم دەربکرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پرۆژە یاسامان بۆ لێبوردنی گشتی زیندانیانی هەرێمی کوردستان ئامادەیە، ئاماژە بەوەشدەکات بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمان و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە نەتوانراوە یاسای لێبوردنی گشتی لە هەرێم دەربکرێت.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە، "لە سەردەمی کۆرۆنا نامەیەکم ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت کرد و داوای دوو شتم کرد، یەکەم پێدانی مۆڵەتی درێژخایەن بۆ سزا سوکەکان، دووەمیش لێبوردنی گشتی، ئەوکات سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی باڵای دروستکرد بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و نوینەرایەتی چەند وەزارەت و دەستەیەک پڕۆژە یاسایەکمان ئامادەکرد، پڕۆژەکە چوە ئەنجومەنی شورا  و ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکیشمان لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان کرد، چونکە ئەوانیش پرۆژە یاسایەکیان ئامادەکردبوو".

وەک وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەبەر ناکۆکییە سیاسییەکان کۆبونەوەی پەرلەمان کەم دەکرا تا گەشتە ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشایەوە، ئێمە ئێستا پڕۆژە یاساکەمان حازرە و پەرلەمانیش یاساکەی خۆی حازرە، دەتوانن لە یەکەم وەرزی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەردوکی بکرێت بە یەک و لێبوورنی گشتی بۆ دەربکەن، چونکە لێبوردنی گشتی لە دەسەڵاتی پەرلەمانە و دەبێت یاسای بۆ دەربکرێت و بکرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

ئەوەشی وت، "لەبەر زۆری ژمارەی سزادراوان دەبێت پەرلەمان یاساکە بکاتە کاری لە پێشینە و ڕایگەیاند، "لەئێستادا لیژنەیەک دروستکراوە لە سەرۆکایەتی هەرێم بە ئەندامێتی چەند وەزارەت و دەستەیەک بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێم لێبوردنی تایبەت دەربکات بۆ چەند سزادراوێکی پەککەوتە، کە دەبێت کارمەندەکانمان بیان شۆن و بیانگۆڕن کە لە 25 کەس زیاتر نییە".

"سەرۆکی هەرێم لەوە زیاتر ناچێتە ژێر باری لێبوردنی تایبەت، بۆیە تەنها ڕێگە چارە ئەوەیە لە یەکەم وەرزی خۆیدا پەرلەمان لێبوردنی گشتی دەربکەن و لەبەر قەرەباڵخی زیندانەکان دەبێت پەرلەمان بیکاتە کاری لەپێشینە"، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان وادەڵێت.

بەپێی وته‌ی کوێستان محەمەد بێت، تەنها لە چاکسازی گەورانی سلێمانی هەزارو 600 سزادراوی تێدایە و زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێریش 1800 سزادراو و چاکسازی گەورانی دهۆکیش 2500 سزادراوی تێدایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار