هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەم و لوتی دوو کەسیان بە لێدان بریندار کرد
(1).jpg)
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە ئامادەبوونی چەندین چالاکوانی سلێمانی بڕیار بوو دژی لەشکر کێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان گردبوونەوەیەک بەڕێوەبچێت بەڵام لەلایەن هێزەئەمنییەکانی سلێمانی رێگری لە گردبوونەوەکە کراو و دەم و لووتی دوو کەسیشیان بە لێدان بریندار کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی تەمووزی 2024، بڕیار بوو "بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری"ى گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتى دژی لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی ئەنجام بدات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگەیان بە گردبوونەوەکە نەدا و هاوکات دوو لەو چالاکوانانەشیان بریندارکرد کە بەشداربوون لە گردبوونەوەکە و دەستیشیان بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەنووسی ئاژانسی رۆژنیوزدا گرت.
پاشان چالاکوانان بۆ خوێندنەوەى بەیاننامەی ناڕەزایەتییەکە چوونە بەر دەرکی سەرای شاری سلێمانی، بەڵام دیسان هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە و بە زۆر کۆتاییان بە بەشداربووانى گردبوونەوەکە هێنا و رێگە نەدرا تەواویی بەیاننامەکە بخوێندرێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر بەشداربووانى گردبوونەوەکە و دوو کەسیان بە لێدان لە دەم و لوت بریندار کرد.
