بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری: ئاسایشی سلێمانی فەرمانەکەی تورکیای جێبەجێکرد

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری بەیاننامەیەکی لەبارەی رێگرییەکانی ئاسایشی سلێمانی لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی داگیرکارییەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئاسایشی سلێمانی فەرمانەکەی تورکیای جێبەجێکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تەموزی 2024، بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "دوێنێ دووشەممە بڕیاربوو لە باخی گشتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەلایەن کۆمەڵێک ڕیکخراوەوە ئەنجام بدرێت بەمەبەستی ڕاگەیاندنی( بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری)، بەڵام ئەم کارە بەر لە کۆبوونەوەی خەڵکی ڕووبەڕووی پەلاماردان بونەوەو تەواوی دەزگاكانی ڕاگەیاندنیشیان دەرکرد و پێیانڕاگەیاندن کە ڕێگەپێدراو نین هیچ جۆرە ڕووماڵ و زانیاریەک لەبارەی گردبوونەوەکە ئەنجام بدەن".
ئاماژە بەوەشکراوە، "کار بەمەشەوە نەوەستاو کەسانێک کە بە مەبەستی بەشداریکردن هاتبوون ڕووبەڕووی پەلامار و ڕێلێگرتن بوونەوە، بۆیە دواجار لیژنەی سەرپەرشتی (بەرەی یەکڕیزی دژ بە داگیرکاری) دەستبەجێ بڕیاریدا کە کۆنگرە ڕۆژنامەگەریەکە بباتە بەردەرکی سەراو لەوێ ئەنجامی بدەن... بۆیە بە گەشتنی بەشێک لە هەڵسوڕاوانی ئەم ڕێکخراوانە لەبەردەرکی سەرا دەستکرا بە ڕاگەیاندنی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەو سەرەتا بەهادین حاجی بکر دارتاش قسەوباسێکی کرد لەسەر ئەنجامدانی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەگەریە و مامەڵە و ڕێگریەکانی ئاسایشی سلیمانی، دواتر دەستکرا بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندنە هاوبەشەکە لە لایەن دڵسۆز زەنگەنەوە، لەپڕ هێزەکانی ئاسایش بە شێوەیەکی دڕندانەو ناشیرین پەلاماری بەشداربووانیاندا، بەڵام هەڵسوڕاوان شوێنەکەیان جێنەهێشت و بە دروشم وتنەوە دژ بە داگیركاری و هاوكارانی داگیركەران بەرگریان كرد، لەبەرامبەر بە پەلاماردانەکانی ئاسایشدا وەستانەوە و دواتر کەوتنە ئازارو ئەشکەنجەدانی هەلسوڕاوان، بۆیە سەرباری بریندارکردنی هەلسوڕاوێکمان كە پیشەی پارێزەرە بە ناوی نەریمان ئەحمەد بە جۆرێك كە لوتی بە زەبری هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی شكێندراوە، هەروەها دەستیانگرت بەسەر کەرەستە ڕۆژنامەوانییەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزدا".
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، "لەم دەڤەرەدا کە ساڵەهایە لافی ئازادی و دیموکراسی لێدەدرێت، ئەمڕۆ لەبری ڕوبەڕووبونەوەی پۆلیس و ئاسایشی تورکیا، کەوتنە وێزەی دەنگی ئازادیخوازان، لەبری ڕاوەستانەوە دژ بەم داگیرگاریە كە زیاتر لە ٤٠ كیلۆمەتر خاكمان داگیركراوە و هەر ڕۆژێك مەترسیەكانی داگیركاری زیاتر دەبن، دێن و پەلاماری کەسانێک دەدەن کە دژ بە کردەوە فاشیستیەكانی دەوڵەتی توركیا خاوەن هەڵوێستی نیشتیمان پەروەرین، بۆیە ئێمە لە بەرەی یەکڕیزی دژ بە داگیرکاری، كە نوێنەرایەتی دەیان گروپ و ڕێكخراو و كەسایەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، سەرباری ئەوەی بە تووندی سەرزەنشت و ئیدانەی ئەم کارە قێزەونەی ئاسایشی سلیمانی دەکەین کە بەوجۆرە هاودڵی و هاوکاری خۆیان بۆ حکومەتی تورکیا دەربڕی، هاوکات داوا لە خەڵکی ناڕازی و ئازادیخواز دەکەین کە سەرباری ڕیسواکرنی ئەم سیاسەتەی ئاسایشو دەسەڵاتی سلیمانی، پێویستە بەتووندی ڕاوەستینەوە دژ بەم داگیرکایەو نائارام کردنی ژیانی خەلکی کوردستان! ئێمە بەردەوام دەبین و دەنگی هەموو نیشتیمانپارێزان و نەتەوەپارێزان دەگەیەنینە حكومەتی ناوەند و ناوەندە جیهانییەكان، ئەم هەوڵانەمان بۆ پاراستنی ژینگە و خاك و قەوارەكەمانە كە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید بەرهەم هاتووە".
لە کۆتایی بایەننامەکەدا بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری داوا لە دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەكان دەکات هاوكاریان بن نەك بەربەستیان بۆ دروست بكەن.
