عێراق داوای پارەی سندوقی خانەنشینی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان سندوقی خانەنشینی نییە و مانگانە لە 7%ی مووچە لە فەرمانبەران دەبڕێت.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "حکومەتی هەرێم 32 ساڵە مانگانە لە 7%ی مووچەی لە فەرمانبەران بڕیوە بۆ سندوقی خانەنشینی، بەڵام تاوەکو ئێستا سندوقی نەبووە و نازانرێت ئەو پارەی چی لێکردووە".
ئاماژە بەوەشدەدات، "کاتێک بەبڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینی هاوتای عێراق دەکرێ لە سندوقی خانەنشینی عێراق مووچەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی دەدرێت، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم پارەی لێبڕینی چەندین ساڵی ڕابردوی فەرمانبەران تەسلیمی سندوقی خانەنشینی عێراق بکات، جگە لەوە وردبینی لە دۆسێی خانەنشینان دەکرێت بەتایبەت سەربازی کە پڕە لە ناموستەحەق و نایاسایی".
دەشڵێت، "بەپێی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی (2014) یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق مانگانە %25ی موچەی فەرمانبەران دەخڕیتە سندوقی خانەنشینی %10ی لەموچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت و %15 حکومەت تەمویلی سندوقەکە دەکات، لەسەرەتای ئەمساڵەوە کەمووچە لەعێراقەوە هاتووە ئەو لێبڕینەی خانەنشینی عێراق لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوە و داخڵی سندوقی خانەنشینی کردووە".
