شارەزایەکی کەشناسی: کەشوهەوا فێنک دەبێت و پلەی گەرما دادەبەزێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
شارەزایەکی کەشناسی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و دابەزینی پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان زانیاری دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تەموزی 2024، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "سەڕەرای ئەوەی پلەی گەرما ئەمرۆ سێشەممە و سبەی چوارشەممەش بەبەرزی دەمێنەوە لە زۆربەی ناوچەکان ئەویش بەهۆی مانەوەی تۆپەڵە هەوای گەرمی هاتووی باکووری ئەفریقی، بەڵام لە کۆتایی هەفتە و بەولاوە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەهۆی کشانەوەی تۆپەڵە هەوای خەماسینی باکووری ئەفەریقیاوە و کاریگەری بارستەهەوایەکی لاوازی فێنکی باکووری تورکیاوە پلەی گەرما لە پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەوە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەڕێژەی 2 تا 3 پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە لەسەرجەم ناوچەکان".
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە بێت، ئەگەر گۆڕانکاریی گەورە ڕوونەدات و تێکنەچێت لە نزیک کۆتایی مانگ و بەتایبەتی لە 29ی تەموزی ئەم مانگەو بەولاوەو بۆ ماوەیەک بەهۆی هاتنە خوارەوە تەوژمە هەوایەکی تری فێنک لە ڕووسیاوە و کارتێکردنی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما بەڕێژەی 3 تا 4 پلەی سیلیزی تر دادەبەزن ئەمەش وادەکات پلەکانی گەرما بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە ئاستێکی خوار ئاسایی ساڵانە و تا ئاسایی ساڵانەی خۆیدا بێت، کەشێکی فێنکتر دێتە ئاراوە، هەروەها لە ئەمڕۆ دوانیوەڕۆو بەولاوە و بەتایبەت رۆژانی داهاتوو بای شەماڵ باڵادەست دەبێت بەخێرایی 15 تا 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
