ژنە ڕۆژنامەنووسێکی کورد سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤێن کە لەم دواییانەدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەی بێبەش کرابوو، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی تەموزی 2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و بەندکراوی سیاسیی کورد کە خەڵکی شاری مەهابادە و نزیکەی ساڵێکە دەستبەسەرە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی لە کاتێکدایە کە ناوبراو ماوەی چەند مانگی سەرەتایی دەستبەسەرکرانەکەی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و دادگاییکردنی دۆسیەکەی لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بەڕێوەچووە.
پەخشان عەزیزی، ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
