بە بڕیاری دادگا چوار تۆمەتبارای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئازادکران

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

چوار لەو کەسانەی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرابوون، بە بڕیاری دادگایەکی بەغدا ئازادکران.

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دوێنێ سێشەممە 23ی تەموزی 2024 لە دادگای تاوانەکانی ناوەندیی سەر بە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافەی بەغدا دەرچووە، دادگاکە بڕیاری ئازادکردنی چوار کەسی دەرکرد کە تۆمەتبارن بە هێرشەکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی.

ئەو کەسانەی ئازادکراون لە هێزەکانی حەشدی شەعبین و لەو هێزەدا بەرپرسیاریێتییان هەیە، نیشتەجێی پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەدینن، ئەوانەی ئازادکراون پێکدێن لە:

- موحسین سەلمان مەجید حەسەن

- عەلی جەعفەر مستەفا شەهبار

- محەممەد هاشم کازم ئیبراهیم

- عەباس جاسم محەممەد عەلی

دادگا ئاماژە بەوەدەدات، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، ئەو تۆمەتانەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005 دراوەتە پاڵ ئەو چوار کەسە، هەڵدەوەشێتەوە و ئازاد دەکرێن.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمساڵ چەند جارێک هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، هێرشەکان بە مووشەک و درۆن بوون، لەوانە هێرشەکانی 25ی کانوونی دووەم و 26ی نیسان، ئەو کەسانەی دەستگیرکراوبوون و ئازادکراون، بەهۆی هێرشەکەی 26ی نیسانی ئەمساڵ بووە، کەگیانلەدەستدانی چوار کارمەندی کێڵگەکەی لێکەوتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار