بەناوی چاکسازییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان مینحەی بەشێک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بڕیوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
نزیکەی ساڵێک و سێ مانگ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی چاکسازییەوە مینحەی بەشێک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بڕیوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی تەموزی 2024، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە هاوڵاتی راگەیاند، "نزیکەی ساڵێک و سێ مانگ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی چاکسازییەوە مینحەی ئەو بەرکەوتووانەی چەکی کیمیایی بڕیوە کە مووچەی دیکەی حکومەتیان هەیە".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو پارەیەی بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەدرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری مانگانەیانە، ئەوانەی مینحەکانیان راگیراوە لە بارودۆخێکی تەندروستی و کۆمەڵایەتی خراپدان".
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە روونیشیکردەوە، "ئەو کەسانەی مووچەکانیان بڕاوە 339 بەرکەوتەی چەکی کیمیاییە، مانگانە بڕي 400 هەزار دیناریان پێدەدرا".
وەک لوقمان عەبدولقادر باسی لێوەکرد، "بەپێی ئەو نووسراوەی کە لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووەتە ئەنجومەنی وەزیران مینحەی ئەو 339 کەسە رەتکراوەتەوە و بۆیان ناگەڕێتەوە، بۆیە کۆمەڵەکەمان لە هەوڵدایە ئەو مینحەیە بۆ ئەو بەرکەوتووانە بگەڕێنێتەوە".
وتیشی، "ئەو مینحەیەی دەدرێت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بەشی دەرمانەکەیان ناکات، چونکە ئەوان بەردەوام دەبێت سەردانی پزیشک بکەن و دەرمان بەکاربهێنن نرخی دەرمانەکانیش گرانە".
ئەوەشی وت، "یاداشتمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران تاوەکو مینحەی ئەو کەسانە بگەڕێنێتەوە کە بڕاوە، هەروەها داواشمان کردووە بڕی مینحەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی زیادبکرێت".
