دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی: دەبوو داواکاری گشتی لێپێچینەوەی لەگەڵ ئەوانە بکات کە سوپای بێگانە پەلکێشی خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی لەبارەی ئەو سکاڵایەی داواکاری گشتی لەسەر دەستەکەیان و مامۆستایەکی دەستکەیان تۆماری کردووە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دەستگیرکردنی مامۆستایەک و تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر دەستەکەیان رایگەیاند، "داواکاری گشتی تۆمەتی هەڵپەسێردراوی بۆ مامۆستا دڵشاد میرانی دروستکردووە و دەستگیرکردووە و تۆمەتەکان ناڕاست و هەڵپەسێردراون".
ئاماژەیان بەوەشکرد، "دەبوو داواکاری گشتی لێپێچینەوەی لەگەڵ ئەوانە بکردایە کە بە رۆژی روناک سوپای بێگانە پەلکێشی خاکی پیرۆزی هەرێمی کوردستان دەکەن و هاوڵاتییانی مەدەنی شەهید دەکەن و دار و دەوەن و ڕەز و باخی هاوڵاتییان دەسووتێنن، هەروەها دەبوو داواکاری گشتی سکاڵای دژی نەوت دز و مووچە دزەکان تۆمارکردایە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "دەستەی داکۆکی مامۆستایان دەستەیەکی کاریگەرە و وایکردووە داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر تۆماربکات"، هەروەها جەختیان لەوەکردەوە، دەستەکەیان بێ لایەنە و راستییەکان وەک خۆی ئاشکرادەکات.
